باسم عەوادی بۆ کوردستان24: ڕێگەی گەشەپێدان شارەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، هەموو ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق لەگەڵ تورکیا لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە و ئاشکراشیکرد کە ڕێگەی گەشەپێدان شارەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) لەمیانی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا، واژۆ لەسەر یاداشتی لێکتێگه‌یشتنی چوارقۆڵی نێوان عێراق، توركیا، ئیمارات و قه‌ته‌ر كرا كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هاریكاریكردنی پڕۆژی ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدانی عێراق.

له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ ڕه‌زاق محێبس، وه‌زیری گواستنه‌وه‌، له‌لایه‌ن توركیاوه‌ عه‌بدولقادر ئۆرالئۆغڵوو، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و ژێرخان، له‌لایه‌ن قه‌ته‌ره‌وه‌ جاسم سه‌یف سه‌لیتی، وه‌زیری گه‌یاندن و له‌لایه‌ن ئیماراته‌وه‌ سوهێل محه‌ممه‌د مه‌رزووقی، وه‌زیری وزه‌ و ژێرخان واژۆیان كرد.

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "هەرێمی کوردستان بەشێکی گەورەیە لە جوگرافیای عێراق، ئێستا هەموو ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە لەگەڵ تورکیا هەروەها رێگە گەشەپێدان دواتر سەرجەم هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە کە بە هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت و پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێریش دەگرێتەوە، بێگومان هەر دۆخێکی سەقامگیری و ئابووری عێراق لێکەوتەی ئیجابی بۆ سەر هەرێم دەبێت هەروەها بە پێچەوانەوەش راستە".

لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەشیتنی چوارقۆڵی بۆ بنیاتنانی ڕێگەی گەشەپێدان ڕایگەیاند: بە تەواوبوونی ئەو ڕێگەیە ئابووری ناوچەکە جووڵەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و ئامانجیان لەو ڕێگەیە تەنیا بۆ کورتکردنەوەی مەوداکان نییە، بەڵکو دەبێتە پردێک لە نێوان گەلان و کولتوورەکانیان بەیەک دەبەستێتەوە و پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەش دەکات.

پێشتریش چەند جارێک شاندی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا و داوایانکردووە ڕێگەی گەشەپێدان بە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا بڕوات و هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەش لێی سوودمەندبن.

رێگەی گەشەپێدان پێکهاتووە لە رێگەی وشکانی و ئاسنین کە لە رێگەی بەندەری فاو لە باشووری عێراق و دەروازەی پێشابوور لە هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا دەبەستێتەوە و زیاتر لە 25 وڵات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێی سوودمەند دەبن.

گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و وابڕیارە ئەمساڵ دەستپێبكات و لە 2028 کۆتایی پێبێت، درێژی هێڵی ئاسنینەکە بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و رێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە و هەردوو رێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.

ڕۆژی (27ـی تەمموزی 2023) ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: نەخشەی رێڕەوی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپیدان کە پێشکەشکراوە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەم کورتترە و هەم بودجەی تێچوونیشی هەرزانتر دەوەستێت. لە کاتێکدا، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق داوای کردبوو، ئەو رێڕەوە بە سحێلا، رەبیعە، تەلەعفەر و دواتر بچێتەوە لای پێشابوور پاشان بگاتە تورکیا، هەروەها لەم حاڵەتەدا نزیکەی 11 ملیۆن هاووڵاتی بێبەش دەبن لەو پرۆژەیە.

رۆژی (27ـی ئایاری 2023)، بە بەشداریی نوێنەری هەریەک لە وڵاتانی سعوودیە، تورکیا، سووریا، ئوردن، کوێت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، عومان و ئێران هەروەها نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتیی و یەکێتیی ئەوروپا، کۆنفرانسی "رێگەی گەشەپێدان" بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە دەستیپێکرد.