ماتیۆ میلەر: ئێران ڕێز لە سەروەری عێراق ناگرێت

K24 – هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیدانەی هێرشی میلیشیا هاوپەیمانەکانی سەر بە ئێران کرد، دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، هەروەها گوتی، "ئێران ڕێز لە سەروەری عێراق ناگرێت".

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق تەنها چەند کاتژمێرێک دوای تەواوکردنی سەردانێکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتن، کە بە سەرکەوتووی ئەنجامیدا دەستیان کردووەتەوە بە هێرش کردن بۆ سەر کارمەندانی ئەمەریکا لە سووریا بەمەش ڕوونە کە "ئێران ڕێز لە سەروەری عێراق ناگرێت".

ناوبراو گوتیشی: "لە ڕابردوودا ئەم هێرشانەمان بینیوە، و بە ڕوونی بۆمان دەرکەوتووە کە ئێران و گرووپە دڵسۆزەکانی ئێرانە هەر بۆیە پێشتر ئێران لای خۆیەوە ڕایگەیاندبوو، بەرگری لە بەرژەوەندییەکانمان و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە خۆمانن"، ئێستەش هەر وایە.

لای خۆیەوە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانان هێرشێکی مووشەکییان لە نزیک بنکەی ڕمێلان لە سوریا تێکشکاندووە و هیچ کارمەندێکی ئەمەریکیش بریندار نەبووە.

پێشتر دوو سەرچاوەی ئەمنی عێراقی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندبوو، ڕۆژی یەکشەممە 5 مووشەک لە شارۆچکەی زەمماری عێراقەوە بەرەو بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵدراون.

لە سەرەتای مانگی شوباتەوە، گروپە چەکدارەکان لە عێراق، هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا ڕاگرت. ئەمەش لەدوای ئەوە دێت کە فڕۆکەیەکی ئەمەریکی سەکۆیەکی مووشەکی ئەو گرووپانەی لە خاکی عێراق بۆردومان کرد کە بەکارهاتبوو بۆ بۆردومانکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق.