یوئاڤ گالانت: کەس ناتوانێت وانەی ڕەوشت فێری ئیسرائیل بکات

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، کەس ناتوانێت وانەی ڕەوشت فێری ئیسرائیل بکات، ئەگەر سەربازێکیش هەڵە بکات ئێمە خۆمان سزایان.

سەپاندنی سزا بەسەر بەتالیۆنێکی سوپای ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریکاوە بەتۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، یواڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، کەس ناتوانێت وانەی ڕەوشت فێری ئیسرائیل بکات. ئەگەر سەربازێکیش هەڵەی کردبێت خۆیان لێکۆڵینەوەی لێدەکەن و نابێت تەواوی بەتالیۆنەکە سزابدرێت.

ئەو وەزیرە دەڵێت: "ئەگەر سەربازێکمان هەڵەی کرد خۆمان لێکۆڵینەوەی لێدەکەین، ئەمە ئەرکی دامەزراوە سەربازییەکانە، کەس ناتوانێت ئێمە فێری ئەخلاقییات و بەهایان بکات، چونکە ئەرکی ئێمە بەرگریکردنە لە ئیسرائیل."

گالانت دەشڵێت: "ئەگەر سەربازێک یاخود دوو سەرباز هەڵەبکەن، نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ خراپبوونی ناوبانگی بەتالیۆنێک."

یواڤ گالانت ڕاشیگەیاند، بەتالیۆنی نیتساح یەهودا کە لەلایەن ئەمەریکاوە سزایان بەسەردا سەپێندراوە بەتالێۆنێکی نموونەیی بووە، هەر هەڵەیەک بێت ئێمە خۆمان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین.

لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا بڕیاری سزادانی یەکەکەی سوپای ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت، ئەمەش سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی نیگەران کردووە و لە نامەکەیدا داواکارە لەم دۆخەی وڵاتەکەی تێیدایە، هیچ یەکەیەکی سوپای وڵاتەکەی سزا نەدات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاکسیۆس، سزاکانی ئەمەریکا بۆ یەکەی "نیتزەح یەهودا" بێبەشکردنی ئەو یەکەیە دەبێت لە هەموو جۆرە ڕاهێنان و هاوکارییەکی سەربازی لە لایەن وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە. هەر بۆیە بنیامین ناتانیاهۆ لە نامەکەیدا داوای پاشگەزبوونەوەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی بڕیارەکە ڕانەگەیەنێت و هەڵیوەشێنێتەوە.