ڕێگەی گەشەپێدان 11 پارێزگای عێراق لە خۆ دەگرێت و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە

K24 - هەولێر

پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان یەکێکە لەو خاڵانەی لەنێوان تورکیا و عێراقدا رێککەوتنی لەسەر کراوە، پرۆژەکە بە 11 پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت، بەهەرێمی کوردستانیشەوە. رێگەی گەشەپێدان پێکدێت لە رێگەی وشکانی، هێڵی ئاسنین و بەندەری ئاویی، لە کەنداوەوە بە عێراقدا درێژدەبێتەوە تا دەگاتە سنووری تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا.

پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان چەند ئاڵنگارییەکەی لەبەردەمدایە لەوانەش؛ هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەو پارێزگایانەی رێگەکەی پێدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ تێچووی زۆری پرۆژەکە و ناسەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا.

رێگەی گەشەپێدان ئەو پرۆژە بازرگانییەی عێراق گرەوی لەسەرکردووە کە بەهۆیەوە ببێتە ناوچەیەکی گرنگی بەیەک گەیاندنی کەنداو لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، سەرباری خاڵە سوودبەخشەکانی پرۆژەکە بۆ عێراق، بەڵام رێگەی گەشەپێدان بەدەر نییە لە ئاڵنگاریی سیاسی و ئەمنی و تەنانەت ئابووریش.

رێگەی گەشەپێدان پرۆژەیەکی بازرگانییە کە قەتەر و ئیمارات لەرێگەی عێراقەوە بە تورکیا و لەوێشەوە بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.

پرۆژەکە لەساڵی 2023وە خراوەتەبەرباس، پێکدێت لە ڕێگەی وشکانی، هێڵی ئاسنین و بەندەری ئاوی. ئەوەی پەیوەستە بە عێراقەوە لەرێگەی گەشەپێدان وەک ناوەندێکی گواستنەوە سوودی لێوەردەگیرێت، لە بەندەری فاوەوە بە درێژی هەزار و 900 کیلۆمەتر تا دەروازی ئاڤاکۆی لەسنووری تورکیا و هەرێمی کوردستان درێژدەبێتەوە. رێگەی گەشەپێدان بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت. بەشداربووانی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان بریتین لە عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی حکوومەتی عێراق تێچووی پرۆژەکە نزیکەی 17 ملیار دۆلارە، بڕیارە لە ساڵی 2050 کارەکانی تەواوببێت. رێگەی گەشەپێدان نزیکەی 100 هەزار هەلیکار بۆ دەستی کاری عێراق و تورکیا دەڕەخسێنێت، سەرباری ئەوەی کاتی گەیاندنی کەرەستەکان لە کەنداوەوە بۆ ئەوروپا لە 30 رۆژ بۆ 15 رۆژ کەمدەکاتەوە، قازانجەکەی خۆی دەدات لە چوار ملیار دۆلاری ساڵانە.

ژمارەیەک ئاڵنگاریی لەبەردەم رێگەی گەشەپێدان هەن لەوانەش، هەبوونی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان لە بەشێک لەو پارێزگایانەی رێگەکەی پێدا تێدەپڕێت، ناسەقامگریی سیاسی عێراق گۆڕانکاری بەردەوام لە بڕیارەکان بەگوێرەی حکوومەتە جیاوازەکان، هەبوونی پرۆژەی دیکەی هاوشێوە کە مەترسی کەمبوونەوەی داهاتی رێگەی گەشەپێدانیان لێدەکرێت لەوانەش؛ پرۆژەی بەهاراتی هندستان بۆ ئەوروپا، پرۆژەی هێڵی ئاسنینی ئێران بۆ سووریا.