ناردنی هەر کۆچبەرێک بۆ ڕواندا زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار  لەسەر بەریتانیا دەکەوێت

K24 – هەولێر

دواجار پەرلەمانی بەریتانیا یاسا پڕ مشتومڕەکەی پەیوەست بە چارەنووسی کۆچبەرانی نایاسایی پەسەند کرد کە حکوومەتی وڵاتەکە دەستکراوە دەکات لە ناردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا، بەڵام بە گوێرەی نووسینگەی چاودێری دارایی بەریتانیا خەرجی ناردنی هەر کۆچبەرێک زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە.

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی لۆردەکانی بەریتانیا پرۆژە یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاساییان بۆ ڕواندا گەڕاندەوە پەرلەمان تا وەکوو گۆڕانکاری تێدا بکرێت، بەڵام پەرلەمان بەبێ دەستکاریی کردنی هیچ بڕگە و ماددەیەک بە زۆرینەی دەنگ پرۆەکەیان تێپەڕاند، بەمەش یاساکە دوای پەسەندکردنی لەلایەن شای بەریتانیاوە دەبێتە یاسایەکی بەرکار.

لەلایەکی دیکەوە یاساکە گوشارێکی زۆری لە سەر حکوومەتەکەی ڕیشی سوناک دروست کردووە بۆ ئەوەی هەرچی زووە ڕێگری لەو کۆچبەرە نایاساییانە بکات کە لە کەناراوەکانی فەرەنساوە بە بەلەمی بچووک دەریای مانش بۆ گەیشتنە بەریتانیا دەبڕن، هەر ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی پارتی پارێزگاران کە پارتی دەسەڵاتداری بەریتانیایە پێداگر بێت لە تێپەڕاندنی یاساکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەران و ناردنیان بۆ ڕواندا وەک وڵاتی سێیەم کە بە وڵاتێکی پارێزراو دیارکراوە.

پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەرانی نایاسایی کە بە یاسای دیپۆرت کردنەوەی کۆچبەران بۆ ڕواندا ناسراوە، دەرگای مشتومڕێکی دیکەی لە بەریتانیا کردووەتەوە و بە گوێرەی خەملاندنێکی نووسینگەی نیشتمانی چاودێرییە داراییەکانی بەریتانیا، ناردنی 300 کۆچبەر وەک قۆناغی یەکەم بۆ ڕواندا خەرجییەکەی 540 ملیۆن جونەی ئیستەرلینییە کە دەکات 665 ملیۆن دۆلار، واتە خەرجی ناردنی هەر کۆچبەرێک زیاتر لە دوو ملیۆن و 216 هەزار دۆلارە.

هەروەها ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاندووە، حکوومەتەکەی هەموو ئامادەکارییەکی بۆ ناردنی کۆچبەرە نایاساییەکان کردووە و فڕۆکەخانە و فڕۆکەی تایبەتیشی بە کرێ گرتووە لە وەرزی هاوینەوە پرۆسەی گواستنەوەی کۆچبەرەکان دەست پێ دەکەن.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، حکوومەتەکەی 500 چاودێری ڕاهێنراوی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی یاوەریی کۆچبەرەکان بکەن تا دەیانگەیەنن بە شوێنی مەبەست، بڕیاریشە لە چەند هەفتەی داهاتوو 300 چاودێری ڕاهێنراوی دیکەش ئامادە بکرێن.