لە کۆریای باکوور مانۆری 'هێرشی دژە ئەتۆمی' بەڕێوەچوو

K24 - هەولێر

ئاژانسی هەواڵی کۆریای باکوور، بڵاوی کردەوە، ڕێبەری کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون سەرپەرشتی مانۆڕێکی "دژە ئەتۆمی" کرد.

ئەم مانۆرە ڕۆژێک دوای ئەوە هات، کە سوپای کۆریای باشوور چاودێری تاقیکردنەوەی کۆمەڵێک مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای کۆریای باکووری کردووە کە بە ئاراستەی دەریای ژاپۆنی هەڵداوە.

ئاژانسی فەرمی هەواڵی کۆریای باکوور ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، لە مانۆڕەکەدا "یەکەی مووشەک هاوێژەکان"یش بەشدارییان کردووە، هەروەها کیم سوپاسی یەکەی وردبینی کردووە، کە لەدووری 352 کیلۆمەتر یامانجەکانیان پێکاوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کیم سەرپەرشتی "مەشقە تەکتیکییە هاوبەشەکانی هێرشی دژە ئەتۆمی کردووە"، دەشڵێت: کیم زۆر بەو مەشق و ڕاهێنانە ئاسوودە بووە.

ڕۆژی دووشەممە، کۆریای باشوور ڕایگەیاند، کۆریای باکوور مووشەکی بالیستی لەپیۆنگ یانگەوە بە دووری 300 کیلۆمەتر هەڵداوە، بەرلەوەی بکەوێتە ناو ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەی کۆریا.

ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاندووە، کۆریای باشوور ئەو تاقیکردنەوە مووشەکییەی بە ئیستفزازیەکی ئاشکرا ناوبردووە.