ئایدن مەعروف: شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی پێکهاتەکان دەچێتە بەغدا

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان  لە حکوومەتی هەرێمی کوردستا
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان  لە حکوومەتی هەرێمی کوردستا

K24 - هەولێر

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێت، شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی پێکهاتەکان سەردانی بەغدا دەکات. ئاماژە بەوەش دەدات، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان، نیگەرانی خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا دەربڕیوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23-04-2024، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی رەجەت تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و بەتایبەت هەولێر و گەڕاندنەوەی کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان؛ قسەی بۆ هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 کرد.

ئایدن مەعروف ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهاتەکان سەردانی بەغدا دەکات. گوتیشی، سەردانەکەی دوێنێی ئەردۆغان و چوونی شاندەکەی هەرێمی کوردستان، کاریگەریی لەسەر گەڕاندنەوەی کورسی کۆتا و بەتایبەت کورسی کۆتای تورکمان دەبێت.

بە گوتەی ئایدن مەعروف، گلەییەکان لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا زۆر بوون و پاڵپشتییەکانیش بۆ مافی پێکهاتەکان زیادبوون. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان، جەختی لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و نیگەرانی خۆیشی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا دەربڕیوە.

وەکو ئەوەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باسی کرد، کاتی سەردانەکەی رەجەت تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و بەتایبەت هەولێر هەستیار، مێژوویی و زۆر گرنگ بوو. ئەوەشی خستەڕوو، پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە لە ئاستێکی زۆر باشدایە و ئامانجێکی سەردانەکەی ئەردۆغانیش بە مەبەستی برەودان بووە بەم پەیوەندییانە.

تورکیا، وەکو ئەوەی ئایدن مەعروف ئاماژەی پێ دا، وڵاتێکی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە. هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە بۆ تورکیا جێگەی بایەخە.

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش، ناوبراو گوتی، "ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت كراوه‌، گرنگترین شت ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی توركیایه‌ له‌گه‌ڵ عێراق، كه‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌".

کاتژمێر (20:30)ـی ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد.

لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، سەرۆککۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکوومەتی وڵاتەکەی گەیشتە هەرێمی کوردستان، کە بە یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا دادەنرێت بۆ هەرێمی کوردستان، هەرچەندە پێشتر ئەردۆغان وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی هەولێری کردبوو.