پێنج کۆچبەر لە ڕێگەی پەڕینەوەیان بۆ بەریتانیا مردن

K24 - هەولێر

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی پۆلیسی فەرەنسا ئەمڕۆ سێشەممە، ڕایگەیاند، پێنج کۆچبەر کە یەکێکیان منداڵە، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە لە فەرەنسا بۆ بەریتانیا مردن.

سەرچاوەکەی پۆلیس کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کۆچبەرانەی مردوون، لە نزیک کەناری شارۆچکەی ڤیمرۆ لە نزیک هاوینەهەواری بۆلۆنی سور میر بووە، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر ئاشکرا بکات.

ئەم کارەساتە لە کاتێکدایە کە کۆچبەران، زۆرێکیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە، بە هیوای داهاتوویەکی باشتر لە بەریتانیا دەست بە گەشتە مەترسیدارە زەریاییەکە دەکەن.

 ڕۆژی 3ـی ئادار، بەلەمێکی پڕ کۆچبەر، بە دووری نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنسا وەرگەڕا، کە کچێکی تەمەن حەوت ساڵان خنکا.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا، کۆچبەران زیاتر پەنا بۆ بەلەمە چووپەکان دەبەن، بۆ ئەوەی خۆیان لە دەورییەی پۆلیسی کەناراوەکانی فەرەنسا بەدوور بگرن.

 لە مانگی یەکدا پێنج کەس لە ڤیمرو گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵێکی سووری تەمەن 14 ساڵ بوو، کاتێک بەناو ئاوی سارد سڕی دەریادا ڕۆیشتن و تاوەکو بگەنە بەلەمێکی کەناراوەکان.

 دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا دەڵێن، ساڵی ڕابردوو 12 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیزی گیانیان لەدەستداوە.

پەرلەمانی بەریتانیا  ڕۆژی دووشەممە، پلانە مشتومڕاوییەکانی بۆ ڕاگواستنەوەی پەنابەران بۆ ڕواندا پەسەند کرد.

 نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵاترین دەزگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە داوای لە لەندەن کرد ئەو پلانە هەڵبوەشێنێتەوە.