سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار: له‌ چوار مانگی ئه‌مساڵدا ملیۆنێك و 700 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ماوه‌ی پشووی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زاندا، زیاتر له‌ 200 هه‌زار گه‌شتیار ڕوویان له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان كردووه.‌ هاوكات گوتیشی: "له‌ چوار مانگی ئه‌مساڵیشدا ملیۆنێك و 700 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونەتە کوردستان."

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بە ماڵپه‌ڕی فەرمانگەی مێدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگه‌یاند، بەپێی نەخشەڕێگەی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار و هەموو ڕەگەزەکان و شێوازەکانی گەشتییاری، چالاکییە گەشتیارییەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبن. گوتیشی: "ئێستا ئاستی گەشتیاری به‌ بەراورد بە ساڵانی پێشوو هەنگاوی زۆر باشی ناوە و داهاتمان زۆر زیادی کردووە".

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، کوردستان خۆی ناوچەیەکی ناوازە و سرووشتێکی سەرنجڕاکێش و نایابی هەیە، هەر گەشتیارێکی بیانی کە دێت، بە جوانی و میواندۆستیی خەڵکی کوردستان و ئەو خزمەتانەی کە لەلایەن چالاکییە گەشتیارییەکانەوە پێشکەشیان دەکرێت سەرسام دەبێت.

گەشتیارێکی خەڵکی بەسرە لە هەرێمی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمانگه‌ی مێدیا و زانیاری ڕاگه‌یاند، شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان زۆر دڵگیر و خۆشن؛ زۆر دڵخۆشم کە سەردانی ئێرە دەکەین و پێشوازییەکی جوان و ڕێکوپێکمان لێ دەکرێت.

گەشتیارێکی تر لەم بارەیەوە به‌ هه‌مان ماڵپه‌ڕی گوت: "بەردەوام سەردانی هەولێر دەکەین. کاتی خۆش لە شوێنە گەشتیارییەکانی وەک بێخاڵ و کۆڕەک، چێشتخانە و شوێنە دێرینەکان بەسەر دەبەین؛ پیاوانی ئاسایش زۆر هاوکارمانن، زۆربەی پشووەکان دێینە ئێرە".

یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پاڵپشتیی کەرتی گەشتوگوزارە؛ وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داهات. بایەخدان بەو کەرتە بە پێی پلانێکی درێژخایەن بەردەوام دەبێت.