سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بۆ کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوە: پێویستە بە شێوازی گونجاو مامەڵەی هاووڵاتییان بکەن
K24 - هەولێر:
سهرۆكایهتیی شارهوانیی ههولێر ڕایدهگهیهنێت، سەرۆکی شارەوانیی، لەگەڵ ژمارەیەک بهرپرسی خزمەتگوزاریی کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوە کۆبووهوه و له كۆبوونهوهكهدا ڕایگهیاند، پێویستە مامەڵەیەکی جوان لەگەڵ هاووڵاتییاندا بکرێت.
ئەمڕۆ (سێشەممە 23ـینیسانی 2024)، سهرۆكایهتیی شارهوانیی ههولێر ڕاگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه، ئەندازیار کارزان عهبدولهادی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە یاوەری ئەندازیار ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی ئهو شاره، لەگەڵ ژمارەیەک بهرپرسی خزمەتگوزاریی کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کۆبووهوه.
ئامانجی کۆبوونەوەکە هاندانی کۆمپانیاکان بوو، بۆ زیاتر پاکڕاگرتنی شاری هەولێر و هەروەها پێدانی ڕێنمایی پێویست لە چۆنیەتی کارکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتیان و بەڕێوەبردنی شێوازی کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکان بەشێوەیەکی ئەرێنی و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکاندا.
هاوکات سەرۆکی شارەوانیی هەولێر تیشکی خستە سەر شێوازی کارەکانی کۆمپانیاکان و ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە کەمتەرخەمیی لە کارەکاندا بکرێت و پێویستە ڕێز لە هاووڵاتیان بگیرێت.
هەروەها گوتی: "ئامێری کەپسی کۆکردنەوەی زبڵ، زۆرترین کاریگەریی لەسەر خەڵک هەیە، چونکە ڕۆژانە کوچە و کۆڵانەکانی شاری هەولێر بەسەر دەکەنەوە، بۆیە دەبێت مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ هاونیشتمانیاندا بکرێت، هەروەها گوتیشی: "پێویستە زبڵ و پاشماوەکان بەشێوەی ئەو خشتەیەی دانراوە بەبێ کەموکوڕی؛ دەبێت کۆی زبڵ و پاشماوەکانی گەڕەک و کۆڵان و شەقامەکان کۆ بکرێنەوە".
سهرۆكی شارهوانیی ههولێر داواشی له كۆمپانیاكانی خاوێنكردنهوه كرد، هەماهەنگیی باش هەبێت لە نێوان تیمەکانی خزمەتگوزاری و هاووڵاتییان و دەبێت کارمەندان ڕێز لە داخوازییەکانی خەڵک بگرن و داواکانیان بە هەند وەربگرن.