حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پلانێکی درێژمەودا کار بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار دەکات

هاتنی گەشتیاران
هاتنی گەشتیاران

K24 – کۆیە:

هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پلانێکی درێژمەودا کار لەسەر پێشخستنی کەرتەکە دەکات و دەیەوێت بیکاتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات.

کەشوهەوا و لەباری ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، وایکردووە ساڵانە سەدان هەزار گەشتیار لەناوخۆی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و جیهان بێنە کوردستان.

کەرتی گەشتیاریی سوودەکەی تەنیا لە داهاتەکەیدا نییە، بەڵکو گەشتیار کاتێک سەردانی هەر ناوچە و وڵاتێک دەکات، جگە لەوەی سوودی ئابووری هەیە، لەگەڵیدا شارەزای کولتوور و کەلەپور و فەرهەنگی ئەو ناوچەیە دەبێت، ئەو کەسانەی ساڵانە گەشت بەدوای زانست و مێژوو و فەرهەنگ و شوێنەوار و کولتووری گەلاندا دەکەن ئێستا لە زیادبووندان.

کامەران محەمەد، پسپۆڕ لە بواری مێژوو بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە دەتوانین ئەو سرووشتە جوانەی کوردستان بقۆزینەوە بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیار بێن سەردانی بکەن، پێویستە بۆنە نەتەوەییەکان زیاتر گرنگی پێبدەین و بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە سەرنجی زۆرترین گەشتیار بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان رابکێشین".

لەلایەن خۆیەوە ئیسماعیل عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە بە کوردستان24ـی گوت: ئێستا دەبینین چەندین کۆمپانیای گەشتیاریی، گەشتیارانیان دەهێنن بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە بەرنامە و پلانی کەرتی گەشتوگوزار لەو ئاستەدا بێت، کە پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بکات.

بەراورد بە 5 ساڵی رابردوو، ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان دوو بەرامبەر و زیاتر بەرز بووەتەوە، ساڵی رابردوو نزیکەی هەشت ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، پلانی دەستەی گەشت و گوزار بۆ راکێشانی 20 ملیۆن گەشتیارە لەساڵێکدا بەهاتنی ساڵی 2030.