هەولێر.. دوکانێکی بازاڕی شێخەڵڵا سووتا

K24 – هەولێر:

لە بازاڕی شێخەڵڵای شاری هەولێر دوکانێکی جلوبەرگ و چەند کەپرێک سووتان، بەڵام هەر زوو لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کران.

ئەمڕۆ سێشەممە (23ـی نیسانی 2024) کارمەندێکی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاتێک کە ئاگادار کراینەوە لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی شێخەڵڵا کە دووکانێکی جلوبەرگ و چەند کەپرێک ئاگریان گرتووە، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر لقی خانەقا، گەشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانییان لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

ئەو کارمەندەی بەرگریی شارستانیی ئاماژەی بەوەدا، هەر کاتێک ئاگر لە جێگەیەک دەکەوێتەوە، زۆر جار هاووڵاتییان دەبنە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی، چونکە بوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی لە شوێنی ئاگرکەوتنەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و بەم هۆیەش تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ناتوانن بەخێرایی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانیان تا دوو کاتژمێری دیکەش لە شوێنی ڕووداوەکە دەمێننەوە بۆ ئەوەی ڕێگریی لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئاگر بکەن، ناوبراو باسی لەوەشکرد، تا ئێستا هۆی ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە.

پەیامنێری کوردستان24 گوتی: بەهۆی ئاگرەکەوە دوکانەکە زیانێکی زۆری بەر کەوتووە. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکیشا، بەرگریی شارستانی سبەی ڕاپۆرتی خۆیان دەربارەی ئاگرەکە ڕادەگەیەنن و هۆی ئاگرکەوتنەوەکەش ئاشکرا دەکەن.