مەسرور بارزانی: شەهیدانی کارەساتی بۆردوومانی قەڵادزێ هەمیشە لە یادمانن

سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، شەهیدانی بۆردوومانی قەڵادزێ "هەمیشە لە یادمانن".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-04-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 50ـەمین ساڵیادی بۆردومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی، لە پەیامێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند، "نیو سەدە لەمەوبەر، ڕژێمی بەعس قەڵادزێی بۆردودمان کرد و سەدان کەسی بێتاوانی شەهید و بریندار کرد، جگە لە وێرانکردنی شارەکە".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە، هەروەها لە ساڵی 1982، ڕژێمی بەعس "خۆپێشاندانێکی شارەکەی گوللەباران کرد کە بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی بۆرددومانەکە ئەنجامدرا بوو".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، شەهیدانی کارەساتی بۆردوومانی قەڵادزێ "هەمیشە لە یادمانن".

50 ساڵ بە سەر بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی تێدەپەڕێت

کاتژمێر 10ی بەیانیی ڕۆژی 24ی نیسانی 1974، ڕژێمی بەعس بە چوار فڕۆکەی جەنگی، هێرشی کردە سەر شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی کە ئەوکات بەشێکی زانکۆکە لە قەڵادزێ بوو، بۆردوومان کران و بەهۆیەوە 163 هاووڵاتیی شەهیدبوون کە نۆیان قوتابی زانکۆ بوون و نزیکەی 300 هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون، هاوکات باڵەخانەی زانکۆی سلێمانیی و چەند فەرمانگەیەکی حکوومیی و زیاتر لە 200 خانووش زیانیان پێگەیشت.

ڕژێمی بەعس لە چوارچێوەی پیلانەکانی پاکتاوکردنی گەلی کورد لە ساڵی 1978 تا وەکوو 1979 زۆربەی گوندەكانی بۆ ئۆردووگا زۆرەملێكانی (پێماڵك، بەستەستێن، چوارقوڕنە، تووەسوران) ڕاگواست و سەرجەم گوندەكانی بەمزگەوتەكانیشەوە خاپووركرد.

دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بە سەر هێرشەکەی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق، دانیشتووانی قەڵادزێ لە یادکردنەوەی قوربانیاندا لە 24ی نیسانی 1982، جیاواز لە ساڵان بە خۆپیشاندان ناڕەزاییان دژ بە ڕژێمی بەعس دەربڕی و ڕاپەڕین و ئەم دروشمەیان دەگوتەوە:

"گولـلە و پەت و سێدارە، ناترسێنێ ئەم شارە "

"شەهید خوێنی دەڕژێنێ، ئازادی بەدەست دێنێ

"بیست و چواری چوارە، جێی كەڵبەی سەگی هارە "

"هێزی گەل لەبن نایە، شەهید بوون دكتۆرایە "

بەڵام جارێکی دیکە هێزەکانی ڕژێمی بەعس بە گولـلە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و بەهۆیەوە دوو ئافرەت شەهید بوون و پێنج کەسی دیکەش بریندارکران.

دوای شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران جارێكی دیکە ڕژێمی بەعس لە ژێر ناوی ناوچەی قەدەغەکراو (مناطق المحرمة) شاڵاوی ڕاگواستنی گوند و ئاواییەکانی کوردستانی جێبەجێ کرد و تەواوی سنووری پشدەری خاپوور كرد و دانیشتووانەكەشی بەسەر ئۆردووگا زۆرەملێكانی (خەبات، جدیدە، كەورگۆسك، تۆبزاوا، دارەتوو) لە سنووری شاری هەولێر دابەش كران.

قەڵادزێ لە ساڵی 1893 لەلایەن عوسمانییەكانەوە قەڵادزێ‌ كراوە بە قەزا و ئێستا لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینە لە پارێزگای سلێمانی و هاوسنوورە لەگەڵ شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ڕووداوەکانی قەڵادزێ بریتین لە:

- لە ساڵی 1963 حكوومەتی عێراق لە سەردەمی (عەبدولسەلام عارف) بۆردومانی شاری قەڵادزێ كراوە.

- لە ساڵی 1966دا لە سەردەمی حكوومەتەكەی (عەبدولڕەحمان عارف) بۆردوومانی قەڵادزێ

- هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی بەعس لە 24/4/1974 بۆ سەر قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی.

- یەكەم شاڵاوی ڕاگواستنی زۆرەملێی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1977 كە دانیشتووانی گوندەكانی بناری قەندیلی گرتەوە.

- دووەم شاڵاوی ڕاگواستنی زۆرەملێ‌ لە 1978 ڕووخاندنی گوندەكانی گرتەوە خەڵکەکەی بۆ ئۆردووگاكانی (بەستەستێن، تووەسوران، ژاراوە و پێماڵك) ڕاگواست.

-  جارێکی دیکە ڕاگواستنەوەی ئۆردووگای بەستەستێن لە ساڵی 1981.