ڕاوێژکارێکی پێشووی پێنتاگۆن: هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا خوێن ڕشتنەکە بەردەوام دەکات

K24- هەولێر

دۆگلاس ماکگریگۆر، ڕاوێژکاری پێشووی پێنتاگۆن ڕایگەیاند، پێشکەشکردنی 60 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، یارمەتیدەر نابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی خوێنڕشتنەکە.

ئەو ڕاوێژکارە لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی: "بە ناردنی ئەم هەموو پارەیە بۆ ئۆکرانیا، ئیدارەی ئەمەریکا هیوادارە بەردەوام بێت لە پەردەپۆشکردنی لەناوچوونی تەواوەتی نەتەوەی ئۆکرانیا".

ڕاوێژکارە خانەنشینکراوەکە، گوتیشی: "دەستپێشخەرییەکە لە بەرەکانی شەڕدا هێشتا لە گەشەکردندایە لە بەرژەوەندی کیێڤدا نییە، ئەم بابەتە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە، بەداخەوە دۆخەکە لەگەڵ هاتنی مانگی هاوین خراپتر دەبێت".

دوێنێ سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری ڕووسیا دووپاتی کردەوە، کە هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت بەردەوامن لە دەرکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا لە پێگەکانیان.

شویگۆ لە میانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی وەزارەتی بەرگریدا گوتی: لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانێکاندا، سەربازانی سوپای ڕووسیا شارۆچکەکانی پێرڤۆمایسکۆی، بۆگدانۆڤکا و نۆڤۆمیکایلۆڤکایان لە دۆنێتسک ئازاد کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی زیانەکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی نیو ملیۆن سەرباز بووە.

ڕۆژی شەممە (20ـی نیسانی 2024) کۆنگرێسی ئەمەریکا پاکێجێکی هاوکاری بە بەهای 61 ملیار دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا پەسەند کرد تاوەکو وەڵامی هێرشەکانی رووسیا بداتەوە.