شرۆڤەکارێکی سیاسی: هەموو شتێک لە وڵاتانی دەورووبەر دەهێنرێت و بەسەر عێراقدا دەسەپێنرێت

K24- هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت: پێویستە دانیشتنێک بۆ دیاری کردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بکرێت، هەر لەیەکەم کۆبوونەوە سەرۆکی نوێی پەرلەمان دیاری بکرێت.

ئەمیر دەعمی، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دادگای فیدراڵی ئەمەی دیاری نەکردووە کە سەرۆکی پەرلەمان سونی بێت یان شیعە بێت، بەڵام بەگوێرەی ئەو دابەشکارییەی کە لە 2003ەوە هەیە لە نێوان کورد و شیعە و سووننە، هەرسێ سەرۆکایەتییەکە دابەشکراوە کە سەرۆکی پەرلەمان هی سووننەکانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕێککەوتنەی بۆ دیاری کردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دیاریکراوە، پێویستە دانیشتنی پەرلەمانی بۆ بکرێت، بۆیە بە گوێرەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستە سەرۆکی پەرلەمان لە یەکەم کۆبوونەوە دیاری بکرێت.

دەعمی گوتیشی: ئێستا پەرلەمان پەراوێز خراوە، هەروەها ناتوانێت کاریگەری سیاسی و هەرێمی دروستبکات.

ئەو شرۆڤەکارە باسی لەوەشکرد، بەشێوەیەکی بەردەوام دەڵێن، وڵاتانی دەوروبەر دەستوەردان لە کێشەی ناوخۆیی دەکەن، بۆیە لە عێراق شتێک نییە بەناوی ئیرادەی نیشتیمانی، لەبەرئەوە هەمووشتێک لەدەرەوە دێت و دەسەپێنرێت.

دەشڵێت: کاتێک ئەردۆغان لەگەڵ لایەنەکان کۆ دەبێتەوە، ئەوە هەڵەی سیاسییەکانی عێراقە کە نەیانتوانییوە هەموویان یەک لایەن و یەکگر بن بەرانبەر بە هەر ڕووداوێک یان دانیشتن و کۆبوونەوەیەک، ئەوپەرتەوازەی ئێستا هەیە لەبەرژەوەندی عێراق نییە. بۆیە دەڵێم ئیرادەی نیشتیمانی نییە.

ماوه‌ی پێنج مانگه‌ قه‌یرانی دیاریكردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان درێژه‌ی هه‌یه‌، كه‌ دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی محه‌ممه‌د حه‌لبووسی له‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان دوورخرایەوە، دواتر به‌چه‌ند كاندیدێك گه‌ڕی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ به‌هۆی دروستبوونی ئاڵۆزییه‌وه‌ گه‌ڕی دووه‌می ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێ بۆ په‌رله‌مان دواخرا.

هەروەها لە ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) لە بەغدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرکردە سوننەکان کۆبووەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە باسیان لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و حکوومەتە خۆجێییەکانی پارێزگا سوننەکان کردووە.