زاخۆ و دەوحە دەبنە دەستەخوشک

کۆبوونەوەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی دەوحە (وێنە: ئیسلام یوسف - کوردستان24)
کۆبوونەوەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی دەوحە (وێنە: ئیسلام یوسف - کوردستان24)

K24 - هەولێر

بڕیار دراوە زاخۆ و دەوحە بکرێنە دەستەخوشک و لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردان و کاری زیاتر بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت.

ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە سەرۆکایەتیی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەکە بە مەبەستی برەودان بە پەیوەندییە دووقووڵییەکان لە وڵاتی قەتەرە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-04-2024، گوهدار شێخۆ،  لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانی دەوحە کۆبووەتەوە و بڕیاردراوە هەردوو شاری زاخۆ و دەوحە بکرێنە دەستەخوشک.

بە گوێرەی هەمان ڕاگەیەندراو، لە داهاتوویەکی نزیکدا کار و ژمارەیەک سەردان لەنێوان شاندی هەردوولا بۆ ئەو مەبەستە دەکرێن.  

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چوارچێوەی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و قەتەر؛ رۆژی 31-10-2023، حوسێن بن عەلى فەزالە، مامەڵەى فەرمی دەستبەکاربوونى وەک کۆنسوڵى گشتیی قەتەر لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، پێشکەش بە عەمار داوود، سەرۆکى فەرمانگەى مەراسیمەکانى وەزارەتى دەرەوەى عێراق کرد و وەکو کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر دەست بە کار بوو.