"چەکدارانی پەیەدە" بارەگای پەدەکەسە و حزبێکی دیکەی کوردییان لە قامیشلۆ سووتاند

دیمەنی هێرشی سەر بارەگای پەدەکەسە
دیمەنی هێرشی سەر بارەگای پەدەکەسە

K24 - هەولێر

ژمارەیەک چەکداری سەر بە پەیەدە هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی پەدەکەسە و یەکێتیی دیموکراتی کوردستان – سووریا لە شاری قامیشلۆ و سووتاندییان.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-04-2024، "چەکدارەکانی سەر بە پەیەدە" هێرشیان کردە سەر هەردوو بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (پەدەکەسە) و یەکێتیی دیموکراتی کوردستان – سووریا لە شاری قامشلۆ و هەموو کەرەستە و کەلوپەلەکانی ناوەوەی هەردوو بارەگاکەیان سووتاند.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، چەکدارانی پەیەدە لە هەمان کاتدا هەوڵیان داوە نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) لە شاری ترپەسپی لە ڕۆژئاوای کوردستان بسووتێنن. ئەنەکەسە هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" ناوبردووە و دەڵێت، پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە و بە سیستماتیک کراوە.

ئەنەکەسە بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم "کردەوە ترسنۆکانە دەکات کە دەبنە هۆی دڵەڕاوکێ و ترساندنی خەڵک". ئەنجوومەنەکە داوا لە چالاکوانانی کۆمەڵایەتی و مەدەنی و ڕێکخراوەکان و لایەنەکان دەکات هێرشەکە شەرمەزار بکەن. هاوکات داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات، ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە کە "گرژی و ناسەقامگیری" زیاد دەکەن.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە ڕۆژی 1ـی ئاداری ئەمساڵ، هێرش کرایە سەر نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان کە بریار بوو چالاکییەکی ئەنەکەسە تێدا بەڕێوە بچێت.

بۆ بینینی ڤیدیۆی هێرشەکە کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە: دیمەنی هێرشی سەر بارەگای پەدەکەسە