ئەنجوومەنی وەزیران: بەپێی یاسا بەرکارە فیدراڵیيەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە 24-4-2024
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە 24-4-2024

K24 – هەولێر:

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، لەسەر بنەمای نەهێشتنی هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ خەرجنەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، وەزارەتی دارایی و لیژنەی دانوستکاری ڕاسپارد، بەپێی یاسا بەرکارە فیدراڵیيەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

ئەمڕۆ چوارشەممە (24ـی نیسانی 2024) بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی پەنجا ساڵەی شەهیدانی بۆمبارانکردنی قەڵادزێ و قوتابییانی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 1974 و گوللـه‌بارانکردنی خۆپێشاندانێکی ئەو شارە لە ساڵی 1982 دەکەینەوە، کە لە سایەی خوێن و قوربانیدانەکانی شەهیدەکانمان ئەو دەسکەوتانەی ئەمڕۆ بەدەست هاتوون. سەرۆک وەزیران، دووپاتی کردەوە کە هەمیشە خەبات و قوربانیدانی شەهیدەکانمان لە یادە.

پاشان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کورتەیەکی دەربارەی سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانێکی گرنگ بوو و کاریگەریشی لە سەر پێشخستن و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە دەبێت.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێکی لە بارەی هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو بۆ مووچەی مانگی نیسان کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، بە فەرمی لیستی وردبینیکراو و پەسەندکراوی مووچەخۆرانی هەرێم بە زانیاری پێویستەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە، چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، لەگەڵ مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێردرێت.

دواتر، وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ شاندی دانوستانکار ئامادە کرابوو، چەند میکانیزمێکی خستەڕوو بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێم لە بواری داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا بە گوێرەی دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ، ئەمەش وەک دەستپێشخەری حکوومەتی هەرێم بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، بەجۆرێک کە بابەتی داهاتەکان، نەبێتە ڕێگر لەبەرامبەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، جەختی کردەوە کە نابێت هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بهێڵرێتەوە تا بکرێتە بيانوو بۆ خەرجنەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم؛ هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووریی و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدراڵیيەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەست هاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

سەبارەت بە بابەتی بەبانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێميش، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە بە گرنگ دەزانێت و حکوومەتی هەرێم هیچ کات دژی بە بانکیکردنی (تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبووە و نابێت.. لەمێژە وەک لە کارنامەی کابینەکەدا هاتووە، بە کردەیی پرۆسەی بەبانکیکردن (تەوتین) لە ڕێگەی (هەژماری من)ـەوە لە هەرێم دەست پێ کراوە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووریی و برەودان بە چالاکیی بانکیی و ڕوونی لە چالاکییە داراییەکان وسوودمەندبوونی هاووڵاتیان لە هەموو ئەو ئیمتیازات و ئاسانکارییانەی بانکەکان بۆ هاووڵاتییان دەستەبەری دەکەن بەو جۆرەی لە دونیای پێشکەوتوو پەیڕەو دەکرێت، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودی پرۆسەکە، ئەم بابەتەش شایەنی چارەیە لە ڕێگەی دۆزینەوەی لێکگەیشتنی هاوبەش بە جۆرێک لە بەرژەوەندی مووچەخۆر بێت و بە ئاسانی پرۆسەکە تەواو بکرێت لە ڕێگەی ئەو بانکە باوەڕپێکراوانەی لە ژێر سەرپەرشتی و مۆڵەتی بانکی ناوەندیی، سەرقاڵی پرۆسەی تەوتینن لە چوارچێوەی پڕۆژەی تەوتینی هەرێم بە ناوی (هەژماری من) کە گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندییان جێبەجێ کردووە و حکوومەتی هەرێم تەنيا ڕۆڵی ئاسانکاریی دەگێڕێت، ئەگینا پڕۆژەکە، بانکە ڕێپێدراوەکان جێبەجێی دەکەن کە هەندێکیان لە پرۆسەی تەوتینی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بەشدارن.

سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، حکوومەتی هەرێم خوازیاری هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە وەک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەری ڕێکەوتبووین کە لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت و داهاتەکەشی بچێتەوە ناو گەنجینەی گشتی فیدراڵ لە دوای یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش پێویستە لە چوارچێوەی دوا کۆنووسی هاوبەشی هەردوولادا بێت کە لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئیمزا کراوە بەڕەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکان.

لە بەرامبەر ئەم پابەندییانەش، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت لە ناویشیاندا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگا و هەرێمەکان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی چەند پێشنیارێک سەبارەت بە کارئاسانیی بۆ گەڕاندنەوەی پێشینەکانی بانکە پسپۆڕییەکان لای هاووڵاتییان (پێشینەکانی خانووبەرە، كشتوكاڵی، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، گەشتوگوزار، هاوسەرگیری).

هەروەها پەسەندکردنی چەند پێشنیارێک سەبارەت بە یەکلاكردنەوەی قەرزی بانکە بازرگانییەکان و بابەتی ڕێژەی سوودی بانکیی سەر ئەم قەرزانە و ڕێکارەکانی وەرگرتنەوەی ئەم قەرزانە بە گوێرەی یاسای چاکسازی.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕاسپارد کە پێداچوونەوەی پێویست بکات لە چوارچێوەی ئەو پێشنیارانەی لە کۆبونەوەکە خرانە ڕوو، لەگەڵ پۆڵێنکردنی پێشینەکان، بەجۆرێک کارئاسانیی پێویست بکرێت بۆ هاووڵاتیيان کە ڕەچاوی پاراستنی بەرژەوەندیی گەنجینەی گشتی و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی پارەی گشتی بکرێت.

لە بڕگەی سێیەمدا، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان ڕەشنووسی پەیڕەوی (پۆلێنکردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشکردنی لە بەشداربوون لە هەرێمی کوردستان) خستەڕوو.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کرد، کە ئامانج لەم پەیڕەوە، پۆلێنكردنی بەڵێندەرانە لە هەرێم، بەپێی پێوەرە کار پێ کراوەکان لە بواری پسپۆریی و توانا و لێهاتوویی تەکنیکی و دارایی و دوورخستنەوەی بەڵێندەری نالێهاتوو كە توانا و كارامەیی نییە بۆ جێبەجێكردنی كارەكان، هەروەها مسۆگەركردنی هێنانەكایەی دادوەریی و ڕوونیی لە کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پڕۆژەکان و بێبەشکردنی ئەو بەڵێندەرانەی کە پابەندییەكانی گرێبەست پێشێل دەکەن لە بەشداریی گرێبەستە حكوومەتییەكاندا.