سەركار سورچی: 721 تووشبووی نەخۆشی هیمۆفیلیا لە هەرێمی کوردستان هەن

د. سەركار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
د. سەركار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیەنێت، لە رێگەی سەنتەری چارەسەریی هیمۆفیلیای هەولێر کۆمەڵێک خزمەگوزاریی تەندروستی پێشکەش بە نەخۆشان دەکرێت، ئاماژەی بەوەدا، لە سەنتەرەکدا دەرمانی دەگمەنی گرانبەهای چارەسەری نەخۆشی هیمۆفیلیا بۆ نەخۆشان دابین دەکرێت.

د. سەركار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، دوێنی سەنتەری چارەسەریی نەخۆشی هیمۆفیلیا لە شاری هەولێر کرایەوە، کە یەکەم سەنتەرە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، راشیگەیاند، لەمەودا تووشبووانی نەخۆشی هیمۆفیلیا لە رێگەی ئەو سەنتەرەی کە دوێنێ لە شاری هەولێر کرایەوە زۆرترین خزمەتگوزاریی تەندروستییان پێشکەش دەکرێت، یەکێ لەو بەشە گرنگانەی کە لە سەنتەرەکە هەیە راوێژکاریی پزیشکانی پسپۆڕیی تیدایە.

ناوبراو، ئاماژە بەوەدا، لە هەرێمی کوردستان 721 تووشبووی نەخۆشی هیمۆفیلیامان هەیە، لەبارەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی سەنەتەرەکە د. سەركار سورچی دەڵێت: خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی سەنتەرەکە بریتین لە؛ ئامێری تاقیگەیی پزیشکی زۆر پێشکەوتوو، ئامێری چارەسەریی سروشتی، مەلەوانگە و راوێژکاریی پسپۆریی، هەروەها هەموو ئەو خزمگوزراییە تەندروستییانەی تێدایە کە نەخۆشانی هیمۆفیلیا پێویستیان پێیە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، باسی لەوەشکرد، جگە لە تووشبووانی هیمۆفیلیای هەرێمی کوردستان، هی شارەکانی دیکەی عێراقیش دەتوانن لە سەنتەرەکە سوودمەند بن، هەروەها 40%ـی ئەو نەخۆشانەی کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن، بەشێکیشیان ئاوارە و پەناهەندەن.

د. سەركار سورچی، گوتی: لە سەنتەری چارەسەری هیمۆفیلیا دەرمانی دەگمەنی گرانبەهای چارەسەریی نەخۆشییەکە پێشکەش بە نەخۆشان دەکرێت، کە یەکێک لە دەرمانەکان نرخی سێ هەزار و 500 دۆلارە.

نەخۆشی هیمۆفیلیا نەخۆشییەکی بۆماوەیی و درێژخایەنە کە تووشی خوێنی مرۆڤەکان دەبێت، ئەمەش کاتێک شوێنێکی کەسەکە بریندار دەبێت، تووشی خوێنبەربوون دەبێت بەهۆی ئەوەی خوێنەکەی نامەییت.