ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان

ئەنجوومەنی ئاسایش
ئەنجوومەنی ئاسایش

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی نەهیشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو داواکراو لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش لە کاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر، یەکێک لە داواکراوەکان کوژرا و ئەویتریان بریندار بوو، کەسوکاری کوژراوەکە لێدوانیان هەبووە، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: تەواوی بەڵگەکان لەبەردەستی دادگادان و ئەو دۆسیەیە رێڕەوی یاسایی خۆی دەبڕێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (24ـی نیسانی 2024) بەڕێوەبەرایەتیی نەهیشتنی ماددە هۆشبەرەکانی ئاسایش لەمیانەی ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەوەی لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو داواکراو لەگەل هێزەکانی ئاسایش لە کاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر، یەکێک لە داواکراوەکان کوژرا و ئەویتریان بریندار بوو، کەسوکاری ئەو داواکراوەی کوژراوە، لێدوانیان هەبووە.

بەڕێوەبەرایەتیی ماددەی هۆشبەرەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە تەواوی بەڵگەکان لەبەردەستی دادگادان و ئەو دۆسیەیە رێڕەوی یاسایی خۆی دەبڕێت و نایانەوێت جگە لە بڕیار و ڕێنمایی دادگاکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی تر بدەن و وەڵامی ئەو لێدوانانەش تەنیا لە دادگا دەدەنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە (23ـی نیسانی 2024) بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، کاتژمێر 6:15ـی ئێوارە، تیمێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر بەدواداچوونی بۆ دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە دەوروبەری شاروچکەی عەنکاوە کرد.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتبوو، داواکراوەکان تەقەیان لە هێزەکانی ئاسایش کرد و لە ئاکامدا کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بەسەختی بریندار کرد.

هاوکات لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی هێزەکانی ئاسایش، یەکێک لە داواکراوەکان کە بازرگانی ماددەی هۆشبەر بوو، کوژرا و ئەوی دیکەیان دەستگیر کرا، وەک لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، تا ئێستە لێکۆڵینەوە بەردەوامە.