ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئیسرائیل بە چەکی ئەمەریکی تاوانی جەنگیی ئەنجامداوە

گۆڕی بە کۆمەڵ - خان یونس
گۆڕی بە کۆمەڵ - خان یونس

K24 - هەولێر

پۆڵ ئۆبراین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لقی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕەخنەی لە پاکێجی هاوکاریی و پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەگرێت بۆ ئیسرائیل و نووسیوتەی "ئیسرائیل لە غەززە بە چەکی ئەمەریکی تاوانی جەنگی ئەنجامداوە".

ئۆبراین ئاماژەیداوە، بە گوێرەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، سوپای ئیسرائیل تاوانی جەنگی دژی فەلەستینییەکان کردووە، هەر بۆیە ڕێکخراوەکە داواکارە ئەمەریکا پشتیوانیکردن و پێدانی چەک بە ئیسرائیل ڕابگرێت.

هەر لە پەیامەکەیدا سوپاسی ئەو ئەندامانەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریکا کردووە کە ڕەتیان کردووەتەوە دەنگ بە پەسەندکردنی پاکێجی هاوکارییە سەربازییەکەی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل و تایوان بدەن لە بەهاکەی 95 ملیار دۆلارە و لە نێویاندا 26 ملیار دۆلاری بۆ ئیسرائیلە.

دوای کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە خان یونس، سێ گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە و بە گوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 400 تەرم لەو گۆڕانەدا هەن کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن. سەرچاوەکانیش باس لە بوونی دەیان  گۆڕی دیکەی بە کۆمەڵ لەو شارە دەکەن کە هێشتا هەڵنەدراونەتەوە، جیا لەوەی چەندین تەرم لە قەراغ شەقام و شۆستەکانی خان یونس جێهێڵدراون.

هەر سەربارەت بەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی دۆزراونەتەوە، ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو ڕاپۆرتانەیان پێگەیشتووە کە لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکانی فەڵەستین گۆڕێکی بە کۆمەڵیان لە خان یونس دۆزیوەتەوە و 180 تەرمی تێدا بووە و لە نێویاندا ئافرەت و منداڵیش هەن.

ڕاشیگەیاند، بۆ زانیاریی و پێدانی ڕوونکردنەوە ئیدارەی ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل.

لە دوای هێرشەکەی چەکدارانی حەماس، سوپای ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 شەڕێکی وێرانکەر لە دژی حەماس لە غەززە دەکات و بە گوێرەی دوایین ئامارەکان نزیکەی 35 هەزار کەس لە غەززە کوژراون و زیاتر لە 77 هەزاری دیکەیش برینداربوون.