وەزیری تەندروستی: هەڵمەتی پێدانی پێکوتە بە قوتابیان بەردەوامە

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزیری تەندروستی عێراق بەشداری لە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ نەخۆشییەکانی منداڵان لە هەولێر دەکات، هەڵمەتەکانی کوتانی قوتابیانیش بەسەردەکاتەوە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو وەزیری تەندروستی عێراق "د.ساڵح حەسناوی" بەمەبەستی چەند چالاکییەکی زانستی و ئەکادیمی وەکو سەرۆکی بۆردی عەرەبی گەیشتە شاری هەولێر.

سامان بەرزنجی گوتیشی: سەردانەکەی وەزیری تەندروستی، وەکو سەرۆکی بۆردی عەرەبی بۆ بەشداربوون لە بەدەست هێنانی چەند پسپۆڕییەکی تەندروستی دەروونی، هەروەها بۆ بەشداربوون و بەسەرکردنەوەی هەڵمەتی کوتان، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتەکە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیرەکەی تەندروستی عێراق بەشدار دەبێت لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ نەخۆشییەکانی منداڵان، هەروەها لەگەڵ تیمی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش کۆدەبێتەوە.

وەزیری تەندروستی گوتیشی: هەڵمەتەکە لە 16ـی نیسان دەستی پێکردووە، کە چەند ڕۆژێکی کەممان ماوە، داوا لەدایک و باوکان دەکەین هاوکارمان بن، چونکە ئەو هەڵمەتە لەبەرژەوەندی منداڵەکانیان و تەندروستی گشتییە، کە پێکوتەکە سورێژەی تێکەڵاوە و بۆ بەرگری لەشە، ئەمەش بۆ ئەوەیە تاوەکو بەردەوام بین لە کۆنتڕۆڵکردنی سورێژە.

سامان بەرزنجی دەشڵێت: هەڵمەتەکە منداڵانی تەمەن چوار ساڵی تا دواقۆناغی بنەڕەتی دەگرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی وەزیری پەروەردە دەکەم کە هەماهەنگ بووە لەگەڵ بەرنامەکانی تەندروستی.