سەردانیکەرانی پێشانگەی کتێب نیگەرانن لە کەمی ئافرەتانی نووسەر

K24 - هەولێر

کردنەوەی ئەم پێشانگایە دەرفەتێکی باشبوو بۆ بڵاوبوونەوەی ژمارەیەک چاپی نوێی کتێب، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانیش ڕۆژانە سەردانی پێشانگاکەیان دەکرد بەمەبەستی کتێب کڕین، بەگوێرەی پێشبینییەکان بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەی سەردانیکەران زیاتر بووە.

نادیە رێبورا، قوتابی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نووسەری ئافرەت لە بواری نووسین زۆر کەمە، بەڕادەیەک کە من هیچ ئافرەتێکی نووسەر ناناسم، بە ئاستێک گەیشتووەتە قۆناغێک کوران دەنووسن و کچان دەخوێننەوە."

روخسار عەبدوڵڵا، قوتابی گوتی، "بەداخەوە نووسەری ئافرەتمان زۆر کەمە ئەوەش جێگەی نیگەرانییە. بەهۆی ئەوەی کە نووسەری ئافرەتمان زۆر بە دەگمەن هەیە، وایکردووە خوێنەری ئافرەتمان زۆر تر بێت وەک لە پیاوان، جگە لەوەش ئافرەتانمان نەیانتوانیوە بگەنە ئەو ئاستە کتێبەکانیان بناسرێن و خوێنەرییان هەبێت."

خەڵات، یەکێکە لە خانمە وەرگێڕەکان، ئەو خاوەنی دوو کتيبە، و زیاتر گرنگی  بە وەرگێرانی بابەتەکان بە شێوەیەکی سادە و خانمانە دەدات و دەیەوێت ناوی لە نیو کتێبخانە کوردییەکاندا دیار بێت. جگە لە وەرگێرانیش پلانی نووسین و چاپکردنی کتێبی تایبەت بە خۆی هەیە.

خەڵات عەلی، وەرگێڕ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاکو ئێستە دوو کتێبی وەرگێڕانم هەیە، ئەوانی دیکەم هی ساڵی 2022 بوون، لەسەر ئەدەبیاتی فێمێنستی. ئەم کتێبەی ئێستەشم هەر لەسەر ئەدەبە".

ئەو وەرگێڕە دەڵێ، "من لە منداڵییەوە خەریکی نووسین و خوێندنەوەم، بۆ من نووسین و خوێندنەوە جیهانێکی دیکەیە، هەوڵ دەدەم لە داهتووشدا کتێبی تایبەت بەخۆم بنووسم".          

دەربارەی نووسەری ئافرەت ئە وەرگێڕە گوتیشی، "کەمی نووسەری ئافرەت هۆکارەکەی کۆمەڵگایە و ئێستە هیچ خێزانێکیش پاڵپشتی و هاوکاری کچەکەی ناکات بۆ ئەوەی بنووسێت و قۆناغی نووسین ببڕێت، ئافرەتانی خۆشمان هەوڵی ئەوە نادەن کە بخوێنن و بنووسن".

لە پێشانگای نێو دەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب، بە پلەی یەکەم؛ ئافرەتانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە پلەی دووەم؛ ئافرەتانی عێراق و بە پلەی سێیەم؛ ئافرەتانی هەرێمی کوردستان دێن لە نووسین و بڵاوکراوەکانیان کە لەنێو پێشانگاکەدا هەن، بەڵام لە چاو ساڵانی رابردوو ئێستە ژمارەکە زیاترە.

ڕێژەی خواست بۆ کڕینی ئەو کتێبانەی لەلایەن ئافرەتانەوە نووسراون بەرزەو خوێنەران ئارەزوویان لە بینینی توانا و دیدی  ئافرەتانی  نووسەرە.

ژمارەی نووسەر و وەرگێرە ئافرەتەکان بەراورد بە پیاوان لەنێو کایەی نووسین و بڵاوکراوەکاندا کەمترە، و نزیکەی لە 20% کتێبەکان لە لایەن خانمانەوە نووسراون یان وەرگێردراون، بەڵام لە سەرەتای هەنگاوێکی گەورەدان بۆ زیادکردنی ڕێژەکە بە شێوەیەکی خێرا، چونکە ڕێژەی خوێنەرانی ئافرەت دوو هێندەی ڕێژەی خوێنەرە پیاوانە.