تەندروستی جیهانی هۆشداری لە زۆربوونی بەکارهێنانی ڤەیپ و خواردنەوە کحوولیەکان لە ئەوروپا دەدات

K24 - هەولێر

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لقی ئەوروپا هۆشداریدا لەوەی "خواردنەوەی کحول و کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنی" لەلایەن منداڵانی تەمەن 11 بۆ 15 ساڵەوە "جێگەی نیگەرانییە" و لە ڕاپۆرتێکدا کە بڵاوکراوەتەوە پێشنیاری کردووە کە ڕێوشوێنی تەندروستی گشتی بگیرێتەبەر بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بەو ماددانە.

بەڕێوەبەری هەرێمی ڕێکخراوەکە، هانس کلوگە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "بەکارهێنانی بەربڵاوی ماددە زیانبەخشەکان لەنێو منداڵاندا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و دەرەوەی ئەوروپا، مەترسییەکی جددی لەسەر تەندروستی گشتی پێکدەهێنێت".

کلوگە، داوا دەکات کۆمەڵێک ڕێوشوێن بگیرێتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، دیارترینیان زیادکردنی باج و سنووردارکردنی خاڵەکانی فرۆشتن و ڕێکلامکردن و قەدەغەکردنی تامەکانە.

ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە داتاکان لەسەر 280 هەزار منداڵ لە ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست و کەنەدا دەڵێت: "هەندێک داتا دەریانخستووە کە پەتای Covid-19 بووەتە هۆی زیادبوونی بەکارهێنانی ئەو ماددانە.

ڕوونیشی کردەوە، "گرتنەبەری ڕەفتارە مەترسیدارەکان لە تەمەنی هەرزەکاریدا، دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕەفتارەکان هەبێت لە تەمەنی گەورەییدا، بەو پێیەی بەکارهێنانی ئەو ماددانە پەیوەندی بە مەترسی ئالوودەبوونەوە هەیە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە سەرانسەری جیهاندا زیادی کردووە بە تایبەتی لە نێو هەرزەکاراندا زۆر بەرچاوە.

ڕاپرسیەکی نێودەوڵەتی بۆ ڕەفتاری تەندروستی لە منداڵانی تەمەنی خوێندندا، کە هەر چوار ساڵ جارێک بە سەرپەرشتی ئۆفیسی ئەوروپای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەنجام دەدرێت، کە 53 وڵات لەخۆدەگرێت، ئەم ڕاپرسییە ڕێگە دەدات بە چاودێریکردنی ڕەفتاری تەندروستی قوتابیانی تەمەن 11 بۆ 13 ساڵ و 13 بۆ 15 ساڵ لە چەند لایەنێکدا، لەوانە بەکارهێنانی ماددە دەروونیە چالاکەکان.

 لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کحول ئەو ماددەیەیە کە زۆرترین خواردنەوەی لە نێو هەرزەکاراندایە،  لەسەدا 57ـی منداڵانی تەمەن 15 ساڵان لانیکەم جارێک خواردویانەتەوە.