وەزیری تەندروستی عێراق: هەڵمەتی کوتانی قوتابیان لە هەرێمی کوردستان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-4-2024، د. ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق، بۆ بەسەرکردنەوەی پێدانی پێکوتە بە منداڵانی باخچەی ساوایان و قوتابیانی بنەڕەتی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.

د. ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەوبارەوە گوتی: لە بەرنامەکانی وەزارەتی تەندروستی فیدراڵی، لە چوارچێوەی سیاسەتی تەندروستیدا، هەروەها کارنامەی حکوومەت لەبارەی نەخۆشییە پەتاییەکان هەڵمەتێکی پێدانی پێکوتەمان ڕاگەیاندووە کە ماوەی 10 ڕۆژ دەخایەنێت.

حەسناوی گوتیشی: لە ماوەکانی ڕابردوودا، بینیمان جیهان چۆن تووشی ڤایرۆسە پەتاییەکان بوو، کە لە ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیا و کەنداوی عەرەبی بڵاو بوویەوە، بەڵام لە عێراق وەزارەتی تەندروستی بەهاوکاری پسپۆڕان و شارەزایان و ئەکادیمییەکان لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەڵمەتێکی نیشتیمانی سەرتاسەرییمان دەستپێکرد، بۆ پێدانی ڤاکسین بە هەموو منداڵانی باخچەی ساوایان و قوتابیان، کە کۆی گشتی حەفت ملیۆن قوتابین.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتەکە 10 ڕۆژ دەخایەنێت، ئەمەش بە ئامانجی پێدانی ڤاکسینە بە حەفت ملیۆن قوتابیی لە دژی نەخۆشییە پەتاییەکان، بۆیە بڕیارمان دا تەنها پێکوتەی سورێژەیان پێ نەدەین بەڵکو پێکوتەی تێکەڵیان پێ بدەین، کە پێکوتەی سورێژە و سورێژەی ئەڵمانی بوو.

دەشڵێت، ئەمڕۆ ئێمە هاتووینەتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر و وەزیری تەندروستی چاودێری ئەو هەڵمەتە دەکەین. کە هەڵمەتەکە زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت، گوتیشی: ئەمڕۆ ڕۆژی شەشەمە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها لە عێراقیش تەنیا ئەمڕۆ و سبەی ماوە، کە  نزیکەی لە سەدا 95ـی هەڵمەتەکە تەواو بووە.

ڕۆژی دووشەممە (16ـی نیسانی 2024) هەڵمەتی کوتان دژی نەخۆشی سوورێژە دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت جگە لە ڕۆژانی پشوو.