بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی ناتانیاهۆ و سارای هاوسەری ئیسرائیلییەکانی تووڕە کردووە

K24 - هەولێر

خێزانی بارمتە گیراوەکانی ئیسرائیل کە لەژێر دەستی بزووتنەوەی حەماس گیراون. بەردەوامن لە خۆپیشاندان و داوا دەکەن لە ڕۆژی جەژنی "پێساخ"ـی جووەکاندا دانووستان لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و دیلەکان بکەن، خۆپیشاندانەکە لە ژێر ناونیشانی "دەستەکانتان بەخوێنی منداڵەکانمان سوورە".

لەهەمان کاتدا دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، وێنەیەکی بنیامین ناتانیاهۆ و سارای هاوسەری بڵاو کردەوە کە وێنەیەکیی بارمتەکانیان بەدەستەوەیە، بەڵام ئەو وێنەیە لە نێو ئیسرائیلییەکاندا کاریگەری پێچەوانەی هەبوو، کە بە بێڕێزیکردن بەرانبەر خۆییان زانی.

ئیلانا کوریێل، کەسوکاری یەکێک لە بارمتەکان، وێنەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردۆتەوە و لە ژێرەوە نوسیویەتی: بە وردی سەیری ئەم وێنەیە بکەن. سەرۆکوەزیران و هاوسەرەکەی زیاتر لە سەدا 90ـی وێنەکەیان داگیرکردووە، لەکاتێکدا وێنەی ڕفێنەرەکان بچووک و لاوازن، بە ئەستەم دیارن، ڕادەی حەز و ئارەزوویان بۆ بابەتەکە بەم شێوەیەیە کە لە 90%ی بەرژەوەندییەکان بۆ خۆی و هاوسەرەکەی و کەمتر لە 10%ی بۆ بارمتەکان.

لێرەوە کاردانەوەی بەرفراوان بۆ پشتگیریکردن لە لێدوانەکانی ئەو ئیسرائیلییە سەریهەڵدا و گوتیان کە ئەم وێنەیە لە ڕاستیدا کێشەیەکی گەورەی سەرۆکوەزیرانە، بەشێک لە لایەنگرانی ناتانیاهۆ بە شکستی میدیاییان زانی و پرسیاریان کردووە، ئایا یاریدەدەرەکانی سەرۆکوەزیران توانای گەورەکردنی وێنەی ئەو کەسە ڕفێندراوانەیان نەبووە؟.

وێنەکەی ناتانیاهۆ و سارا
وێنەکەی ناتانیاهۆ و سارا

شەوی چوارشەممە، لە تەلئەڤیڤ و قەیساریە، نزیکەی سێ هەزار کەس خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و وتارێک پێشکەشکرا کە تێیدا بنەماڵەی بارمتەکان داوایان لە خەڵک کرد کە بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانیکردنیان و وەستاندنی شەڕ و سەرخستنی دانوستانەکان.

یەهودا، باوکی نەمرود کۆهین، کە سەربازێکی ئیسرائیلیە و بەدیل گیراوە، دەڵێت: "تەنانەت بنەماڵەی زیندانییەکان چیتر ناوێرن بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن، ئەوان دەکەونە ژێر بوختان و تۆمەتەوە، کە هەوڵی شێواندن و زیانگەیاندن و ترساندنیان دەدەن"، داوا لە خەڵکی ئیسرائیل دەکەن بێنە دەرەوە و لەگەڵمان هاوار بکەن بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان، هەروەها ڕەخنەی لە ڕەفتاری ناتانیاهۆ گرت و داوای لێکرد دەست لەکار بکێشێتەوە و گوتی: "سەرۆکی حکوومەتی ڕیسواکراو داوات لێدەکەم دەست لەکاربکێشیتەوە، تۆ سەرۆکیت؟ تۆ تاوانباریت".

عیناڤ زینگاوکەر، دایکی سەربازێکی دیلە دەڵێت: ناتانیاهۆ، کوڕەکەم لە تونێلە تاریکەکانی حەماسدایە، کوڕەکەت لە شەقامەکانی میامیدا دەڕوات، ئەمڕۆ من و تۆ دەزانین کە درۆ دەکەیت، کوا ئازادی لە کاتێکدا 133 ئازیزمان بەدیل گیراون، سەرۆک وەزیرانمان هیچ ناکات بۆ ئازادکردنیان؟ وە بەڵێن دەدەیت لە ڕێگەی شەڕەوە ئازادیان بکەیت. لە غەززە شەڕ نەماوە، زۆر لەمەوبەر کۆتایی هات، بەڵام لە بەرژەوەندی ئێوەدایە کە وەستاندنی ڕانەگەیەنن. ئەگەر ڕەفەحیش داگیر بکەیت، ئەمە هیچ شتێک ناگۆڕێت جگە لە زیادکردنی مەترسی مردنی منداڵەکانمان. مەچۆ ناو ڕەفەح. بڕۆ بۆ یەکلاییکردنەوەی ئاگربەستێک کە منداڵەکان بهێنێتەوە.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، خۆپیشاندەران ناتانیاهۆ و حکوومەتەکەی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بەربەست دەخەنە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەکان، هەروەها درێژکردنەوەی جەنگ لەبەرژەوەندی ناتانیاهۆیە چونکە لە ڕووی جەماوەرییەوە پاشەکشەی کردووە.

لەکاتی هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، زیاتر لە 230 کەس بە بارمتە لە لایەن حەماسەوە گیران، بەڵام لە ئەنجامی چەند ئاگربەستێک لە نێوان هەردوولا، زیاتر لە 100 بارمتە ئازاد کران.