بەردی بناغەی دوو پڕۆژە لە شێلادزێ دانرا

بەردی بناغەی دوو پڕۆژە لە شێلادزێ دانرا (هەیسەم زاوێتەیی - کوردستان24)
بەردی بناغەی دوو پڕۆژە لە شێلادزێ دانرا (هەیسەم زاوێتەیی - کوردستان24)

K24 - هەولێر

لەژێر چاودێریی پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی دانرا. پارێزگار دووپاتی دەکاتەوە، لە جێبەجێ کردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیان بەردەاوم دەبن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-04-2024، لەژێر چاودێریی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی هەردوو پڕۆژەی کۆرنیشی "رووبارێ روویێ شین" بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار و 272 ملیۆن دینار و، یاریگایەکی وەرزشی بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار و 456 ملیۆن دینار؛ لە سنووری ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی دانرا. 

پارێزگاری دهۆک لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "هەفتەی داهاتوو دەگەڕێینەوە ئامێدی و بەردی بناغەی ڕێگەیەکی گەشتیاری، دادگای ئامێدی و کۆلێژی پەروەردەی بنیاتی ئامێدی دادەنێین".

پارێزگاری دهۆک دووپاتی کردەوە، لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بەردەوام دەبن و لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناحیەکانی کانی ماسێ، بامەڕنێ و دێرەلۆک لە سنووری قەزای ئامێدی دادەنێن.

د. عەلی تەتەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت دەداتە سنووری قەزای ئامێدی و ئەوان وەکو حکوومەت بڕیاریانداوە جێبەجێ کردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیان لەو سنوورە زیاد بکەن.