ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر جەختی له‌ پاراستنی مافى پێكهاته‌كان کردەوە

K24 - هەولێر

سەرۆککۆماری تورکیا لە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ھەرێمی كوردستان داكۆكى له‌ پێويستی پاراستن و مسۆگه‌ركردنى مافى پێكهاته‌كان كردووەتەوە‌.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە سەردانەكەیدا بۆ ھەرێمی كوردستان؛ داكۆكى له‌ پێويستی و گرنگیی پاراستن و مسۆگه‌ركردنى مافى پێكهاته‌كانی كرده‌وه‌.

سەرۆككۆماری توركیا، لە میانی كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ھەرێمی كوردستان لە ھەولێر، داكۆكى له‌ پێويستی و گرنگیی پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرىی ناوچه‌كه‌ و چاره‌كردنى كێشه‌كان و بەتایبەت مسۆگه‌ركردنى مافى پێكهاته‌كانی كرده‌وه‌.

ھاوكات ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆككۆماری توركیا لە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ ھەریەكە لە سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراق، جەختی لە پاراستنی مافی پێكھاتەكان كردووەتەوە، بەتایبەت چاوەڕوانییەکانی لە حکوومەتی عێراق ئەوەیە كە پێگە و سەنگی پێکهاتەی تورکمان بپارێزێت.

ئەم ھەڵوێستەی سەرۆككۆماری توركیا لە كاتێكدایە كە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق پێشتر بە بڕیارێك 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان ھەڵوەشاندەوە. پێكھاتەكان لەوانەش توركمانەكان بڕیارەكەی دادگای فیدرالی بە بڕیارێکی ستەمکارانە ناودەبەن.

لە ساڵی 1992ەوە کە پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە، مافی سیاسی پێکهاتەکان دابین کراوە. جیاوازی ژیان لە ھەرێمی كوردستان بۆ پێكھاتەكان ناكرێت و بێ جیاوازی بە ئازادی دەژین و گوزارشت لە ماف و ئەركەكانیان دەكەن، بەڵام بە پێچەوانەوە لە شارەكانی عێراق بەشێك لە پێكھاتەكان بەردەوام ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و لە مافەكانیان بێبەش كراون.