بڕیاری لە سێدارەدانی ڕاپەڕێکی ئێرانی کاردانەوەی لێ کەوتەوە

توماج ساڵحی هونەرمەندی ڕاپەڕی ئێرانی
توماج ساڵحی هونەرمەندی ڕاپەڕی ئێرانی

K24 - هەولێر

هونەرمەندێکی ڕاپەڕی ئێرانی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بۆ دەرکراو و بە هۆیەوە لە ناوخۆی ئێران و ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێ کەوتەوە و لە چەند شارێکی ئێران بە هەڵواسینی وێنە و نووسینی دروشم ناڕەزایی دەردەبڕێت و لە ئاستی نێودەوڵەتیش بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو خۆپیشاندانی فراوان بکرێت.

دەرکردنی سزای سێدارە بۆ هونەرمەندی ڕاپەڕی ئێرانی، توماج ساڵحی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئیسفەهانەوە کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەوەی ئێرانی لێ کەوتەوە.

ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، بڕیاری سزادانی ساڵحی ئیدانە کرد و گوتی: ئەمەش نموونەیەکی دیکەی پێشێلکردنی ترسناک و گشتگیریی مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە.

گوتیشی، بەپێی ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران زۆر جێی نیگەرانییە و وڵاتەکەی هەوڵ دەدات لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حکوومەتی ئێران ناچار بە وەڵامدانەوە بکات.

هاوکات ئێبرام پێڵی، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیی، سزای سێدارەی توماج ساڵحی، ڕاپەڕی ئێرانی و پێنج ساڵ زیندانی بۆ سامان یاسین، ڕاپەڕی کورد، بەتوندی ئیدانە دەکەین و داوا دەکەین هەرچی زووە ئازاد بکرێن.

لەلایەکی دیکەوە یە وان ڕی، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا و کەفیلی سیاسیی توماج ساڵحی ڕایگەیاند، ئەو سزایە نامرۆڤانە و قبووڵنەکراوە و ڕەفتاری نابەرپرسانە و سەرەڕۆیانەی حکوومەتی ئێران لەگەڵ تۆمەتباران لە هزردا ناگونجێت.

هێلموت برەندشتەیتر، ئەندامانی پەرلەمانی نەمسا کە کەفالەتی سیاسیی توماج ساڵحیی لە ئەستۆ گرتووە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی، دەبێ وەزیری دەرەوەی نەمسا ئەو پەیامەی بە باڵیۆزی ئێران لە ڤییەننا بگەیەنێت کە نەمسا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەو شێوەیە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە قبووڵ ناکات.

هاوکات کەسایەتییە سیاسییەکان، چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ، هونەرمەندان و ڕووناکبیرانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتوندی سزای سێدارەی توماج ساڵحیان ئیدانە کردووە و داوا دەکەن کەمپەینێکی بەرفرەوان بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو هونەرمەندە بگیرێتە بەر.

ئەمیر ڕەئیسیان، یەکێک لە پارێزەرەکانی توماج ساڵحی، ڕایگەیاندوو: لقی یەکی دادگای ئیسفەهان، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی خراپە و پیسی لە نێو کۆمەڵگە، قورسترین سزا واتە لەسێدارەی بەسەر توماج ساڵحیدا دەسەپێندرێت.

تومانج ساڵحی ساڵی ڕابردوو و لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران بەهۆی پشتیوانیی لە خۆپێشاندانەکان و بڵاوکردنەوەی چەندین گۆرانی سەبارەت بە کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێران دەستبەسەر کرا.

توماج ساڵحی تەمەن 34 لە کۆتاییەکانی ساڵی 1990 لە شاری گردبێشەی پارێزگای چارمەحال و بەختیاری لە دایک بووە و براوەی دوو خەڵاتی نێودەوڵەتییە یەکێکیان بە ناوی "خەڵاتەکانی نەتەوەکان"ـە و دووەمیشیان بە ناوی خەڵاتی ساڵانەی ئازادی دەربڕینی هونەرییە.

گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندە زیاتر ڕەخنەگرتنە لە هەندێک لە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێران سیستەمی حکومڕانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.