ڕەوەند حوسێن: هۆی سەرکەوتنی ئێڤێنتی تێدێکس نیشتمان پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە

ڕەوەند حوسێن، ڕێکخەری ئێڤێنتی تێدێکس نیشتمان
ڕەوەند حوسێن، ڕێکخەری ئێڤێنتی تێدێکس نیشتمان

K24 - هەولێر

ڕێکخەری ئێڤێنتی تێدێکس نیشتیمان دەڵێت، یەکێک لەو هۆیانەی وای کردووە ئیڤێنتەکە سەرکەوتوو بێت و ساڵانە باشتر و بەرفراوانتر بێت، پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-04-2024، ڕەوەند حوسێن، ڕێکخەری ئێڤێنتی تێدێکس نیشتمان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، "هەر کاتێک ئێمە پڕۆگرامێک لە تێدێکس نیشتمان ڕێک دەخەین، دوو مەرجمان هەیە؛ یەکەم ئامادەبوونی باشترین قسەکەر و بابەتەکان و دووەمیشیان، ئەو کێشە و گرفتانەی لە هەرێمی کوردستان و لە ناوچەکەدا هەن، لەسەر سەکۆی تێدێکس نیشتمان چارەیان بۆ بدۆزینەوە".

ڕەوەند حوسێن گوتیشی، "ئەمساڵ زیاتر لە 100 گەنج ئیڤێنتی تێدێکس نیشتمان بەڕێوە دەبەن. هەروەها ساڵانە باشتر و بەرفراوانتر دەبێت. ئەم چەندەش بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە، یەکەمیان، پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دووەمیشیان، خۆبەخش و گەنجانی تێدێکس نیشتمان".

کاتژمێر 14:30 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-04-2024، به‌ سپۆنسه‌ری مێدیایی كوردستان24، حەفتەمین خولی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "تێدێکس نیشتمان" لە هەولێر دەست پێ پێکرد.

حەفتەمین خولی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "تێدێکس نیشتمان" بە بەشداریی 1500 کەس لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا بەڕێوە دەچێت. تێیدا 13 کەس له‌ گه‌نجان، لاوان، به‌رپرسان، كونسوڵ و ڕێكخراوه‌كان، لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان گوتار پێشکەش دەکەن.

قسەکەرانی کۆنفرانسی ئەمڕۆی تێدێکس نیشتمان و ناونیشانی گوتارەکانیان:

تابان شۆڕش: گوتاری یەکەم

پێشەوا ئەحمەد: هێزی هیوا

ئیسحاق لۆپێز: چۆن لە خولیاکانتەوە پارە پەیدا بکەیت؟

کازیوە: پەیوەستکردنی بەهرەکان لەگەڵ دەرفەتەکان

دکتۆر فازیل جاف: زمانی جەستەی کاریگەری سەرکردە گەنجەکان

 دکتۆر دالیا دەشتی دزەیی: تەندروستی هزریت ئەوەندەی تەندروستی جەستەییت گرنگە

کریس مۆوریس: حاڵەتەکانی بەکارهێنانی جیهانی ڕاستەقینە بۆ دراوە جێگیر و دیجیتاڵییەکان

دکتۆر محەممەد خانی: ژیان بۆ من یان من بۆ ژیان؟

بیلال سەعید: زیرەکیی دەستکرد مەترسییە یان دەرفەت؟

شاناو جەلال: کاریگەریی بەرهەمی دۆستی ژینگە لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا

ئازاد ئیسماعیل: تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بارگرانییە یان ئامراز؟

لەنیا فاخر: بۆچی دەبێت پشتیوانی لە خولیای منداڵەکانمان بکەین؟

غەسان ئیمانوێل: پێویستە هەموو شتێک دەربارەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بزانیت

کۆنفرانسی نێودەوڵەتی تێدێکس نیشتمان، ساڵانە بە بەشداریی هەزاران کەس بەڕێوە دەچێت، کەسایەتی و ڕۆسنبیران و خاوەن ئەزموونەکانی کوردستان و جیهان لەبەردەم ئامادەبووان چیرۆکی ژیان و ئەزموونی خۆیان لە چەندین بواری جیاواز دەگێڕنەوە.

ساڵی ڕابردوو، رۆژی شەممە 04-03-2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24، شەشەمین ئیڤێنتی تێدێکس نیشتمان لە هەولێر بەڕێوە چوو.