لە چوار مانگی ڕابردوودا، 328 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر تۆمار کراوە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەند حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی هەولێر ڕوویان دا، بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانی هەولێر، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 328 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر و دەوروبەری تۆمار کراون.

بەگوێرەی ئاماره‌كانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، 328 حاڵەتی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له پارێزگای‌ هه‌ولێر له‌ چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ تۆمار کراون، بەشێوەیەک لە نێو شاری هەولێر، 119 حاڵەت و لە ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی شاری هەولێریش 209 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕوویان داوە.

لەبارەی هۆكانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەرکەوتووە، 169 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە. هەروەها بەهۆی غازیشەوە، 46 حاڵەت و بەهۆی جگەرە، نەوت و بەنزینیشەوە 17 حاڵەتی دیکەی ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراوە، لەگەڵ بوونی چوار ڕووداوی سووتانی ئۆتۆمبێل.

هەروەها بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە: 63 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ئەنجامی کەمتەرخەمیی هاووڵاتییانەوە بووە.

هەر بەگوێرەی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە ئەنجامی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە چوار مانگی سەرەتای 2024، 17 کەس بەهۆی ئاگرەوە مردوون یان خنکاون، لەگەڵ برینداربوونی 38 کەس و ڕزگارکردنی 20 کەسی دیکەش لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە.

بەهۆی زۆریی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەوە بەرێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر زیاتر لە 13 تیمی دیاری کردووە بۆ بەدواداچوون و وردبینیی تەواوی دووکان، بازاڕ و کۆگاکانی هەولێر و هەر کەسێکیش ڕێنماییەکانی بەرگریی شارستانی جێبەجێ نەکات، شوێنەکەی دادەخرێت.