ئه‌مه‌ریكا سزای نوێ به‌سه‌ر کەرتی سه‌ربازیی ئێران‌دا ده‌سه‌پێنێت
K24 – هەولێر:
ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر ئێران‌دا ده‌سه‌پێنێت، كه ئه‌م جاره سزاكان فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و کەرەستەی سه‌ره‌تایی سەربازیی ئێران ده‌گرێته‌وه، نه‌خاسمه كه ڕووسیا له جه‌نگی دژی ئۆكرانیا له فڕۆكه‌ی بێفڕۆكهوانیی ئێران سوودمه‌ند بووه.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 25ـی نیسانی 2024) وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، چه‌ند سزایه‌كی نوێی به‌سه‌ر کەرتی سه‌ربازیی ئێران‌دا سه‌پاندووه، كه فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و کەرەستەی سه‌ره‌تایی سەربازیی ئێران ده‌گرێته‌وه، نه‌خاسمه كه ڕووسیا له جه‌نگی دژی ئۆكرانیا له فڕۆكه‌ی بێفڕۆكهوانیی ئێران سوودمه‌ند بووه.
وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، سزاكان به هه‌ماهه‌نگی به‌ریتانیا و كه‌نه‌دا بووه و 12 قه‌واره و كه‌س و كه‌شتی ده‌گرێته‌وه كه ئه‌مه‌ریكا به‌وه تۆمه‌تباریان ده‌كان كارئاسانییان كردووه به فرۆشتنی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكهوانیی ئێران به شێوه‌ی نهێنی به ڕووسیا.
وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌شڵێت، واشنتن دوو كۆمپانیا و كهشتییهكیشی به ئامانج گرتووه كه چه‌كی سه‌ره‌تایی ئێرانی هه‌ڵگرتووه.
ڕۆژی سێشه‌ممه 23ـی نیسانی 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر چوار کەسایەتی و دوو دامەزراوەی ئێران‌دا سەپاند، که سەر به سوپای پاسدارانن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سێ کەس و دوو دامەزراوەی سزا داوه، كه سەر بە فەرماندەیی ئەلیکترۆنیی سوپای پاسدارانن و کەسێکیش پەیوەندی بە کۆمپانیایەکی سەر به سوپای پاسدارانەوه هەیه.
کەسه سزادراوەکان بریتین له عەلیڕەزا شەفیعی نەسەب، کومەیل سەلمانی، ڕەزا کازمیفەر و حوسێن محەممەد هاڕوونی و ناوی دوو کۆمپانیاکەش "ئارمان داتا" و مێهرسام ئەندێشە ساز نیک"ـه.
پێشتریش ئەمەریکا بۆ پێدانی زانیاریی لەسەر عەلیڕەزا شەفیعی نەسەب 10 ملیۆن دۆلار، خەڵاتی دیاری کردبوو.