محەممەد شوکری: هەرێمی کوردستان لە ڕووی وەبەرهێنانەوە لە عێراق پێشکەوتووترە

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژە بەوە دەکات، دەستەی نیشتمانیی بۆ وەبەرهێنان لە عێراق دەیانەوێت سوود لە ئەزموونی وەبەر‌هێنان لە هەرێمی کوردستان وەربگرن و بۆ ناوچەکانی خۆیان بیگوازنەوە، ناوبراو دەڵێت: هەرێمی کوردستان لە ڕووی وەبەرهێنانەوە لە عێراق پێشکەوتووترە.

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، هۆی پێشکەوتنی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاسانکارییانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سێکتەرەکەدا کردوویەتی، هەروەها هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق سەقامگیرترە بۆیە، چاوی زۆرترین وەبەرهێنەری ناوخۆی و بیانی لەسەرە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، باسی لەوە کرد، سەرەڕای قەیرانەکان لە ڕووی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانەوە لە پێش عێراقەوەین، ناوبراو لەبارەی وەرگرتنەوەی مۆڵەت لە وەبەرهێنەران گوتی: سەردەمی کابینەی نۆیەم سەرووی 155 پڕۆژە کە 60 ڕۆژی سەرەتای وەرگرتنی مۆڵەتیان بە جوانی کارەکانیان نەکردبوو، مۆڵەتەکانیان لێ وەرگیرابووەوە.

لەبارەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆییەوە، محەممەد شوکری، دەڵێت: بەهۆی ئەو کوالێتی و کارکردنەیان کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان کردوویانە، ئەو وەبەرهێنەرانەی کە ئێستا لە عێراق کار دەکەن و پڕۆژەی گەورە وەردەگرن وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستانن.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان، هاوکات گوتی: دەستەی نیشتمانیی بۆ وەبەرهێنان لە عێراق بەردەوام دەیانەوێت سوود لە ئەزموونی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان وەربگرن، بە تایبەتی لە بواری ڕێگەوبان، ژێرخان، پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و کارگەکان.

لەبارەی ژمارەی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، لە کابینەی نۆیەمدا 404 مۆڵەت بە وەبەرهێنەران دراوە، هەروەها ساڵی 2023 ساڵیکی نموونەیی بووە لە پرسی وەبەرهێنان، کە تییادا 155 مۆڵەتی وەبەرهێنان بە وەبەرهێنەران دراوە.

محەممەد شوکری، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، هەرێمی کوردستان لە ڕووی وەبەرهێنانەوە لە عێراق پێشکەوتووترە، هەروەها دەڵێت: ساڵی 2024 ئاسانکاری زیاتر بۆ وەبەرهێنەران دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەی زیاتر جێبەجێ بکەن.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، وەبەرهێنەری ناوەڕاست و خوارووی عێراق خواستی ئەوەیان هەیە کە بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، هەروەها ئامانجی دەستەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2024 ئەوەیە نزیکەی 200 مۆڵەت بە وەبەرهێنەران بدرێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بۆ 2024 سەرنجمان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازیی و دروستکردنی ناوچەی مۆدێرنی گەشتوگوزارییە، هەروەها لە داهاتوودا چەند ناوچەکەی نوێ دەخرێنە بازاڕی وەبەرهێنان بە تایبەتی ناوچەی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان.