پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: بهشێك له گرووپهكان له سووریا، ناوچهكانیان بۆ ئاژاوە و تێکدانی سەقامگیریی بەکار هێناوە
K24 – واشنتن:
لەبارەی دۆخی سووریا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن" وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە و دەڵێت: بهشێك له گرووپهكان له سووریا ناوچهكانیان بۆ تێکدانی سەقامگیریی و کوشتن و وێرانکاری بەکار هێناوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە (25ـی نیسانی 2024) پات ڕایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، وڵاتی سووریا لە 2011ـەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی سەخت بووتەوە، هەروەها بهشێك له گرووپهكان له سوویا ناوچهكانیان بۆ تێکدانی سەقامگیریی و کوشتن و وێرانکاری بەکار هێناوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن"، دەڵێت: کارەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکیی داعش بەردەوامە، هاوکات لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و تورکیا ڕاوێژ دەکەین. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵات له سووریا هەڕەشەن.
ئەم گوتانەی پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن" دوای ئەوە دێت، ڕۆژی (24ـی نیسانی 2024) "چەکدارانی سەر بە پەیەدە" هێرشیان کردووەتە سەر هەردوو بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) و یەکێتیی دیموکراتی کوردستان – سووریا لە شاری قامیشلۆ و هەموو کەلوپەلەکانی نێو هەردوو بارەگاکەیان سووتاندوە.
پێشتریش لە (1ـی ئاداری 2024) هێرش کرایە سەر نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان کە بڕیار بوو چالاکییەکی ئەنەکەسەی تێدا بەڕێوە بچێت.