یوسف چاوشین: کابینەی نۆیەم هەمیشە لە خەمی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا بووە

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیی بۆ بەرژەوەندیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە گرنگ وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە کابینەی نۆیەم هەمیشە لە خەمی توێژی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بووە.

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر23ـی کوردستان24 ڕایگەیاند، دوای گەیشتنی لیستی ناوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ بەغدا، چاوەڕێین لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی فیدراڵیی تەرخانی دارایی بۆ بکات.

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، دەڵێت: بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەبێت.

لەبارەی پشتیوانییەکانی کابینەی نۆیەم بۆ توێژی خاوەن پێداوستییە تایبەتەکان، یوسف چاوشین گوتی: کابینەی نۆیەم هەمیشە لە خەمی توێژی خاوەن پێداوستییە تایبەتەکان بووە.

ناوبراو ڕوونیکردەوە، هەر کەسێک خاوەن پێداویستی تایبەت بێت پێویستە سەردانی لیژنەی پزیشکی بکات لەوێدا بڕیار دەدرێت کە مووچەی بۆ دەبڕێتەوە یان نا.

ڕۆژی پێنجشەممە (25ـی نیسانی 2024) وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ناردنی ناوی 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتی نوێ، کە وەک قۆناغی یەکەم پشکنینیان بۆ کراوە، بۆ ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، مینحەی دارایی مانگانەیان بۆ دابین بکرێت.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: دوای وەستانی زیاتر لە 10 ساڵ لە پرۆسەی ناونووسکردنی نوێی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندی وەرگیرا بۆ ئاراستەکردنی ناوی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتە نوێیانەی کە لە قۆناغی یەکەم زیاتر لە 13 هەزار کەس پشکنینیان بۆ کراوە بە مەبەستی دابینکردنی مینحەی کەمئەندامی، بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەمەبەستی داواکردنی تەرخانی دارایی.