عه‌بدولزه‌هره هینداوی: ساڵانه زیاتر له ملیۆنێك كه‌س له عێراق زیاد ده‌بن
K24 – هەولێر:
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، ساڵانه زیاتر له ملیۆنێك كه‌س له عێراق زیاد ده‌بێت؛ ده‌شڵێت، له‌گه‌ڵ زیادبوونی ڕێژه‌ی دانیشتووان، ژماره و ڕێژه‌ی هه‌ژاریش له عێراق له ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی ڕابردوودا هه‌ڵكشان و داكشانی به خۆوه بینیوه.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 26ـی نیسانی 2024) عه‌بدولزه‌هره هینداوی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق تایبه‌ت به كوردستان24 ڕایگه‌یاند، ڕێژه‌ی هاووڵاتییان له زیادبووندایه و به‌شێكیشی په‌یوه‌سته به سیاسه‌تی حكوومه‌ت له‌و باره‌یه‌وه.
عه‌بدولزه‌هره هینداوی ڕوونیشی كرده‌وه، ساڵانه ملیۆنێك بۆ ملیۆن و 250 هه‌زار كه‌س له عێراق زیاد ده‌بێت و زیادبوونه‌كه‌یش په‌یوه‌سته به ناوچه‌ی جوگرافی و سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌ت.
عه‌بدولزه‌هره هینداوی گوتیشی، حكوومه‌ت سیاسه‌تێكی نیشتمانی داڕشتووه سه‌باره‌ت به زیادبوونی ڕێژه و ژماره‌ی دانیشتووان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته خشته‌ی تایبه‌تی داناوه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق باسی له‌وه‌ش كرد، له خشته و نووسراوه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر منداڵ كراوه‌ته‌وه، وه‌ك پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له عێراق.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، هاوكات له‌گه‌ڵ زیادبوونی ڕێژه‌ی دانیشتووان، ژماره و ڕێژه‌ی هه‌ژاریش له عێراق له ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی ڕابردوودا هه‌ڵكشان و داكشانی به خۆوه بینیوه به شێوه‌یه‌ك ڕێژه‌ی هه‌ژاری گه‌یشتووه‌ته 21%.