هاكان فیدان: له‌سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ هه‌ولێر، ئه‌ردۆغان پاڵپشتی خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌

هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا
هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا

K24 - هەولێر:

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە سەردانەکەیان بۆ هەولێر، رەجەب تەیب ئەردۆغان پاڵپشتیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نیوزلاند رایگەیاند، لە سەردانەکەیاندا بۆ هەولێر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پاڵپشتیی خۆی بۆ هەریمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.

راشیگەیاند، دۆستایەتی و دراوسێتیی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا زۆر گرنگە.

ئێوارەی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) دوای بەغدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ کرا و پاشان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و چارەکردنی ناکۆکییەکان نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە ڕێگەی دانووستان و لەسەر بنەمای دەستوور.

هەروەها جەختکرایەوە لە سەر برەودانی زیاتر بە هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش لە ئاڵوگۆڕە بارزگانییەکان و کەرتی وەبەرهێناندا.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌ ئاماده‌يی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى ئابوورى و بازرگانى له‌گه‌ڵ توركيادا كرده‌وه‌، باسى له‌ ده‌رفه‌ته‌كانى كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانيا توركييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرد و سوپاسى كردن كه‌ له‌ دۆخی سه‌ختی ئابووریشدا، له‌ كار و ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كان بەردەوام بوون‌.

ڕەجەی تەیب ئەردۆغان ئەمە دووەم سەردانی بوو بۆ هەولێر، یەکەم سەردانی ساڵی 2011 بوو، ئەو کاتە سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی بەشداری کرد لە کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەڵام سەردانەکەی ئەمجارەی یەکەم سەردانێتی وەک سەرۆک کۆماری تورکیا.