دکتۆرە باخان ئازاد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیر کرا

سلێمانی
سلێمانی

K24 – سلێمانی:

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دکتۆرە باخان، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی رووداوێکی تەقەکردن کە دوێنێ لە گەڕەکێکی سلێمانی روویدابوو دەسگیر کرا.

ئەمڕۆ هەینی (26ـی نیسانی 2024) ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوێنێ لە سلێمانی رووداوێکی تەقەکردن لەبەردەم ماڵی دکتۆرە باخان روویدا، کە تۆمەتبارەکان تەقەیان لە پۆلیس کردبوو، بەمهۆیەوە چوار پۆلیس بریندار بوون، لەبارەی رووداوەکە پۆلیس ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەک بدات بە رۆژنامەنووسان.

پەیامنێری کوردستان24، دەڵێت: دکتۆرە باخان لە دوای رووداوی تەقەکردنەکە لە ماڵەکەی دێتە دەرەوە و قسە بۆ میدیاکاران دەکات و باسی رووداوەکەیان بۆ دەکات، بەو پێیەی رووداوەکە لەبەردەم ماڵەکەی روویداوە، کە باسی لەوەکردبوو بە چاوی خۆی بینیویەتی کەسێک کوژراوە، بەڵام دواتر دەرکەوت کەسەکە نەکوژرابوو بەڵکو بریندرابوو.

کوردستان24 زانیویەتی ئەو پزیشکە لە کامێرەی ماڵەکەی خۆیەوە ساتی رووبەڕووبوونەوەی تۆمەتبار و پۆلیسەکانی بڵاوکردبووەوە، بەم هۆیەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو و ئێستا لە بنکەی پۆلیسی سلێمانییە.

پێشتریش بەهۆی ئەوەی دکتۆرە باخان لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجە چەند دۆسییەکی گەندەڵی ئاشکرا کردبوو، چەندین چار سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و دەستگیرکراوە، چەند جارێکیش هەڕەشەی لێ کراوە و نارنجۆک فڕیدراوەتە ماڵەکەی.