پەیمانگەیەکی ئیتاڵی: ئەنقەرە نێوەندگیری لە نێوان هەولێر و بەغدا دەکات بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان - وێنە: ئەرشیف
کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

پەیمانگەیەکی ئیتاڵی لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنقەرە لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و چارەسەر لەبارەی دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

پەیمانگەی ئیتاڵی بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە شاری میلانە لەبارەی ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، باسی لە هەوڵەکانی حەشدی شەعبی دژی هەرێمی کوردستان و سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆککۆماری تورکیای بۆ هەولێر و بەغدا کردووە.

لە ڕاپۆرتێکی ئەو پەیمانگە ئیتاڵییە ئاماژە بەوەشکراوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و جەختی لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووەتەوە، بەتایبەتیش لە پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی پەیوەندی بەهێزی بەغدا لەگەڵ تاران، وایکردووە بەهۆی پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هەرچەندە عێراق هەوڵی پاراستنی هاوسەنگیداوە، بەڵام دۆخی هەرێمی وایکردووە ئەستەم بێت کە عێراقیش نەخلیسکێتە نێو ململانێکانەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بە 69 هێرشەی گرووپە چەکدارەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کردووە بۆ سەر ئیسرائیل لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، ئەمەش هێما کردووە بۆ بێلایەن نەبوونی عێراق لە ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل. باسی لەوەشکردووە، کە هێرشەکان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت بووە لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کە سەرۆکوەزیرانی عێراقە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرەش، ڕاپۆرتەکە باسی لەوەکردووە: هەرچەندە پرسی ئاو و بازرگانی و بۆری گواستنەوەی نەوت بۆ عێراق بابەتی گرنگن، بەڵام ئامانجی تورکیا لە نزیکبوونەوە لە عێراق، زیاتر بۆ دانانی سنوورێکە بۆ هێزە چەکدارەکانی پەکەکە لە شنگال و مەخموور. لەگەڵ ئەوەشدا، هەرچەندە عێراق تاوەکو ئێستا نەیویستووە ببێتە بەشێک لە ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکە، بەڵام ئەو فشارانەی ئەم دواییەی بەغدا بۆ سەر سنوورداکردنی چالاکییەکانی پەکەکە دایناوە، بەتایبەتی لەناوچەکانی سنووری دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پەکەکە تێیدا چالاکی هەیە، وەک دروستکردنی پردی متمانەیە لەگەڵ تورکیا.

هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو پەیمانگە ئیتاڵییە ڕوونیکردووەتەوە، دوای پەلهاوێشتنی حەشدی شەعبی بۆ جومگەکانی دەسەڵات بەتایبەتی دەستبەسەرداگرتنی پەرلەمان و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاڵۆزبوون. هەروەها باسی لە پشتیوانی ئێرانیش کردووە بۆ ئەو گرووپانە و کە زۆر جار پەنا بۆ دادگای فیدراڵی دەبەن لەپێناو جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیان لەدژی هەرێمی کوردستان.

هاوکات بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی نادەستووری بوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستانی بەنموونە هێناوەتەوە و باسی لە ڕەتکردنەوەی بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، وەک هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی، ئەو جۆرە سیاستەشی بەوە پێناسە کردووە، کە لەژێر هەژموونی ئێراندا بەڕێوەدەچێت.

ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024)، دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کرا.

لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

هەریەکە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری، ئاڵپارسلان بایرەکتار، وەزیری وزە، عومەر بوڵات، وەزیری بازرگانی و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و ژمارەیەکی دیکە لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای تورکیا یاوەری ئەردۆغان بوون.