نوێترین زانیاری لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر

کێڵگەی غازی کۆرمۆر
کێڵگەی غازی کۆرمۆر

K24 – کەرکووک:

قایمقامی چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر سێ کارمەند گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوونە.

رۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 6:45ـی ئێوارە بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ئەمساڵ ئەمە دووەمینجارە هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەی غازەکە، بەڵام یەکەمینجارە لە رێگەی درۆنەوە هێرش دەکرێت.

لای خۆیەوە رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر سێ کارمەند بریندار بوون و سێ کارمەندی بیانیش گیانیان لەدەستداوە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی هێرشەکە ئاگر لە بەشێکی کێڵگەکە کەوتووەتەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە کێڵگەکە خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.

سەرچاوەیەک لەنێو کێڵگەی غازی کۆرومۆر بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، ئەو دوو کارمەندەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی یەمەنن.

پار ساڵ 9 جار بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کێڵگەکە رۆژانە چوار هەزار و 200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت کە لەو بڕە 2800 مێگاواتی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوەش دەمێنێتەوە رەوانەی هەردوو پارێزگای کەرکووک و مووسڵ دەکرێت. یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە زیاتر لە هەشت ترلیۆن و 200 ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

کوردستان24 زانیویەتی، هێزێکی زۆری ئەمنیی گەمارۆی شوێنەکەیان داوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردەوە، تا ئێستا هیچ لاینەێک بەرپرسیارەتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستتگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.