پەیامنێری کوردستان24: دوو شاندی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا

لۆگاکان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق
لۆگاکان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق

K24 – بەغدا:

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، دوو شاند لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەنە بەغدا بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان لەبارەی پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغداوە ڕایگەیاند: بڕیارە سبەی شەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا بکات، هەروەها دواتریش لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەرسێ دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆ بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دوای سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری بەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بەغدا لەبارەی ئەو دۆسیەیە هەڵوێستی جیاوازی هەبێت.

هاوکات پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، سبەی ئێوارە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن و ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن.

لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی ئەم شاندە، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەکردووە: گفتوگۆکانی شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ پەیوەست دەبێت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەغدا بۆ دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ داوای 900 ملیار دینار دەکات، لە کاتێکدا بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەو ژمارەیە هەڵەی تێدایە و زۆر لەو ڕێژەیە کەمترە، بۆیە شاندەکە ڕوونکردنەوەی پێویست پێشکەش دەکەن و لایەنی پەیوەندیداریش وردبینی و بەدواداچوون بۆ ژمارەکان دەکات.