کوردستان24 ناو و وێنەی ئەو چوار کارمەندە یەمەنییە بڵاودەکاتەوە لە هێرشەکەی کۆرمۆر کوژران

کێڵگەی غازی کۆرمۆر - وێنە - ئەرشیف
کێڵگەی غازی کۆرمۆر - وێنە - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

لە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، چوار کارمەندی بە ڕەگەز یەمەنی کوژران و چەند کارمەندێکی دیکەش برینداربوون.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، چوار کارمەندی یەمەنی بە ناوەکانی (عەلی عەبود ئەحمەد لەدایکبووی 1978، یوسف یاسر حەموود لەدایکبووی 1986، عیسام محەممەد ئەحمەد لەدایکبووی 1983، عەوەز عەبدە عەلی لەدایکبووی 1986) کوژران.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

هەروەها هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوەکردووە: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.