لێدوانی قایمقامی چەمچەماڵ لەبارەی هێرشەکەی کۆرمۆر

رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ

K24 – هەولێر:

قایمقامی قەزای چەمچەمال رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر چوار کەس کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات ئاسمانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت.

رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا چوار کەس کوژران کە یەمەنین و دووانی دیکەش بریندار بوون و، هێرشەکە لەلایەن درۆنەوە ئەنجامدراوە.

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات ئاسمانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، رووفاتی کوژراوان لە پزیشکی دادی سلێمانییە، هەروەها بەهۆی هێرشەکە بەرهەمهێنانی غاز کەمبووتەوە و کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کارەباش.

رەمەک رەمەزان، روونیکردەوە، شاندێکی ئەمنی عێراق بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە سەردانی کێڵگەی کۆرمۆر دەکەن. هاوکات جەختی لەوە کردەوە بەردەوامی ئەو هێرشانە دروستکردنی پشێوی و لێدانە لە کەرتی خزمەتگوزاری هەرێمی کوردستان.

رۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی بیانی و برینداربوونی دووانی دیکەش، بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.