ئەلینا رۆمانۆوسکی: بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان دەکەین

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمه‌ریكا لە عێراق
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمه‌ریكا لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان دەکەین و لەگەڵ هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق لە کارکردن بەردەوام دەبین بۆ پاڵشتی لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند: بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین ئەمشەو کرایە سەر ژیرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی کارمەندانی شوێنەکە.

ئەلینا رۆمانۆوسکی وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانییانی هێرشەکە، داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە لێکۆڵینەوەی تەواو لە ڕووداوەکە بکەن و بکەرانی ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە.

هەروەها باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ بەردوامی لە کارکردن لەگەڵ هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پاڵپشتیکردن لە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری عێراق.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

هەروەها هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوەکردووە: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.