گرووپە چەکدارەکان عێراقیان کردووەتە یەکێک لە نائارامترین وڵاتانی ناوچەکە

K24 - هەولێر

گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان بوون بەڵا بۆ عێراق و بە هێرشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیان سەقامگیربوونی وڵاتیان کردووەتە مەحاڵ و هەرجارە و بەجۆرێک حکوومەتی عێراق تووشی شەرمەزاری دەرەوە و ناوخۆ دەکەن.

هەژموونی گرووپە چەکدارەکان، عێراقی کردووە بە یەکێک لە نائارامترین وڵاتەکان لە ڕووی ئەمنییەوە، بەجۆرێک ماڵپەڕی ئاشتی جیهانی عێراقی لە لیستی سووری وڵاتە مەترسیدارەکان داناوە، ناوبەناویش باڵیۆزخانەی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان هۆشداریی بەهاوڵاتییەکانیان دەدەن خۆیان لەسەردانی عێراق بپارێزن.

پەیمانگای توێژینەوەی ئاشتی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵمیش لە ڕاپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات، حکوومەتی عێراق لە بەرامبەر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان دەستەوەستانە و مەترسیی جددی گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە ئەو گرووپانە بەشداریی لە بڕیاری سیاسی دەکەن و تەنانەت دەست لە بڕیارەکانی پەرلەمانی وەردەدەن، ئەمەش وایکردووە ئەجێندایەکی حکوومی بە بەر خۆیاندا بکەن چونکە هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و سەرکردەکانیان بە ئاشکرا خاوەندارێتی بەشێک لەو گرووپانە دەکەن.

 ئەو گرووپە چەکدارانە هەرجارە و بە جۆرە هێرشێکی ناوخۆیی و دەرەکیی، حکوومەتی عێراق تووشی شەرمەزاری لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتییدا دەکەن و خەریکە هیچ متمانەیەک بۆ حکوومەتی وڵاتەکە ناهێڵن.

شەوی ڕابردوو، وەک هەر کردارێکی دیکەی ڕابردوویان، گرووپەچەکدارەکان بە درۆن هێرشیان کردە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی بیانی و برینداربوونی دووانی دیکە و زیانێکی زۆریی ماددیش بەر کێلگەکە کەوت و ئەو هێرشەش کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و دەرەکی بەدوای خۆیدا هێنا و تێکڕا داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد، سنوورێک بۆ دەستدرێژیی ئەو گرووپانە دابنێت، بۆئەوەی سەقامگیریی عێراق لەوە زیاتر نەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە.