گەنجانی دهۆک بە گرووپ سەردانی پێشانگەی کتێبیان لە هەولێر کرد

K24 - هەولێر

هەزار قوتابی لە پارێزگای دهۆکەوە لەگەشتێکی زانستی و ئەکادیمیدا سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبیان لە هەولێر کرد، ئەم گەشتە ساڵانەیە و لەلایەن کتێبخانەی "جەزیری" لە دهۆک و پشتیگریی پارێزگاری دهۆک د. "عەلی تەتەر" دەکرێت. کارئاسانی بۆ قوتابیان  و گەنجانی دهۆک و گوندەکانی دەوروبەری دەکەن تاوەکو سەردانی پێشانگاکە بکەن.

هێلان رزگار، دەرچووی زانکۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە کۆمەڵ لەگەڵ قوتابیان هاتووین بۆ سەردانی ئەم پێشانگەیە، هەندێک هەندێک کتێب هەن کە بەلامەوە گرنگن، هیوادارم لێرە دەستم بکەوێت.

گولجان بەختیار قوتابی گوتی، "من وەک قوتابییەکی خوێنەر بە گرنگم زانی سەردانی ئەم پێشانگایەی هەولێر بکەم".

لای خۆیەوە کاوێز حەمید قوتابی دەڵێت: "زۆر ماندووبووم هەتا گەیشتمە هەولێر بۆ سەردانی ئەم پێشانگەی کتێبە، بەڵام شایەنێتی بە دەیان هەزار کتێبی تێدا نمایش کراوە".

ئەم گەشتەی قوتابیانی زانکۆ بەسەرپەرشتیی پارێزگاری دهۆک و کتێبخانەی جەزیرە لە دهۆک دەکرێت هاوکاتە لەگەڵ کردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب کەساڵانە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت .

ئابۆب ئەحمەد، سەرپەرشتییاری گەشتەکە بۆ کوردستان24 گوتی، "ئەم گەشتەی قوتابیان بۆ پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر، بێ بەرامبەر بوو لەلایەن عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک بۆ قوتابیان ئامادە کرابوو، بۆ ئەوەی ئەو کتێبەی دڵخوازی قوتابییانە بیکڕن و سوودی لێببینن بەشێوەیەکی ئاسانیش ئەوەی دەیانەوێت دەستیان بکەوێت".

پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر بۆتە جێگای سەرنجی خوێنەران لەتەمەنە جیاوازەکان و لەماوەی هەفتەیەکدا بە دوو گەشت  نزیکەی سێ هەزار خوێنەر لە دهۆک سەردانیان کردووە.

هەرچەندە ئینتەرنێت کارئاسانی بۆ  قوتابیان و خوێنەران کردووە کە بەڕێگای ئەلیکترۆنی  هەزارەها سەرچاوەی خستۆتە بەردەست، بەڵام خوێندنەوەی کتێبی چاپکراو چێژی خۆی هەیە و هەرگیز شوێنی ناگیرێتەوە.