باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بە 'توندی' هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات

ستیفن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا
ستیفن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا

K24 - هەولێر

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بە 'توندی' هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، "هێرشەکە هەوڵێکە بۆ دەستکەوتی سیاسی لە ڕێگەی توندوتیژییەوە".

ئەمڕۆ شەممە، 27-04-2024، ستیفن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا؛ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بڵاوکردەوە.

ستیفن هیچن لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە، "بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەین، هێرشەکە هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری لەرێگەی بەکارهێنانی توندوتیژییەوە".

باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا بە پێویستی دەزانێت بکەرانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر "لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت" و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.

ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 26-04-2024، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. لە ئاکامی هێرشەکەدا، چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون. هەر بەو هۆیەوە، 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووتەوە و ئێستا هەزار و 260 مێگاوات کارەبا بەردەستە بۆ دابەش کردن.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا، بەرهەمی ڕۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.

کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە سەدا 67ی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی غازەکەی لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو غازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800  ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

جگە لە غازی سروشتی بەرهەمی گازی شل یاخود ئێڵ پی جی نزیکەی هەزار تۆنی ڕۆژانەیە، 22 هەزار بەرمیل نەوتی کۆندێنسەیتی ڕۆژانە لێ بەرهەم دەهێنرێت کە لە ماوەکانی پێشوودا ئەم بڕە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتییەکەی تێکەڵی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرا.

 بەپێی گرێبەستێک کە لە مانگی چواری 2007 لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆر کردووە، کۆرمۆر لەلایەن هەردوو کۆمپانیای دانەغاز و گیسنت پترۆلیۆمەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

بەهۆی گرنگییە ئابوورییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ناو بەناو ئەم کێڵگەیە لەلایەن میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە دەکرێتە ئامانج، گەورەترین هێرشەکانیش لە 22 حوزەیران، 12ی تشرینی یەکەمی  2022، 26ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و 25ی نیسانی ئەمساڵ بوون.