شانۆگەرییەکی کوردی بەشداریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی قرتاج لە تونس دەکات

K24 - هەولێر

گرووپی شانۆی هەوار لە کەرکووک، بە مۆنۆدرامای "سەلمە" لە خولی شەشەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی قرتاج لە تونس بەشدارە و لەنێو پازدە وڵاتی جیاواز تاکە نمایشیی کوردییە هەوڵی بەدەستهێنانی خەڵات دەدات.

نەژاد نەجم، دەرهێنەری ئەو مۆنۆدرامایە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێمە وەکو تیپی شانۆی هەوار لە کەرکووک، لەنێو 15 وڵاتدا، بەنمایشی "سەلمە" بەشداری ئەو فێستیڤاڵە دەکەین، جگە لەو نمایشە، من بە وۆرکشۆپێک لە خولی شەشەمین فێستیڤاڵی مۆنۆدرامای قرتاج لە تونس بەشدارم و دواتر بۆ سازکردنی وۆرکشۆپەکە نمایشێک پێشکەش دەکەین.

نەژاد گوتیشی: مۆنۆدراماکە کارێکی هاوبەشی نێوان کوردستان و فەرەنسایە و ناوەرۆکی بەرهەمەکەش باس لە کارەساتی هەڵەبجە و جینۆساید و کارەساتی ئەنفال و کۆچی بە کۆمەڵی کورد دەکات، بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی کاری لەسەر دەکەین، لە مۆنۆمێنتەکانی هەڵەبجە و گەرمیان و چەمچەماڵ و سلێمانی و دەستمان بە نمایش کرد و زۆر خۆشحاڵیشین کە ئەو مۆنۆدرامایە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆنۆدرامای قرتاج لە تونس بانگهێشت کراوە و هیوادارم خەڵات بەدەست بهێنین.

مۆنۆدرامای "سەلمە" لە نووسینی دڵشاد مستەفا، سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە، نواندنی هەوار فارس و ئۆرێلی ئیمبێرتە، کە کچە ئەکتەرێکی فەرەنسیە.