هێرشه‌كه‌ی سه‌ر کێڵگەی كۆرمۆر لەسەر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی كاردانه‌وەی لێ کەوتەوە

ساتی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر
ساتی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر

K24 - هەولێر

هێرشە درۆنییه‌كه‌ی سه‌ر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، نەک لەسەر ئاستی عێراق، بەڵکوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاردانەوەی فراوانی به‌دوای خۆیدا هێنا و، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە تێكڕا داوای ڕاگرتنی ئەم جۆرە کارانە و سزادانی بکەرانی هێرشەکە دەکەن.

بە گوێرەی بڕگەی سێیەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوانەکانی جەنگ، هێرش کردنە سەر ژێرخانێک کە هاووڵاتییانی سڤیل سوودی لێ دەبین وەک تاوانی جەنگ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەم پێیەی هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر وەک گەورەترین دابینکەری کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگەوە دژی هەرێمی کوردستان.

هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بڕینی لەسەدا 67ی کارەبای هەرێمی کوردستان؛ نەک لەسەر ئاستی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاردانەوەی فراوانی بەدواهات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تێكڕا داوای ڕاگرتنی ئەم جۆرە کارانە و سزادانی بکەرانی هێرشەکە دەکەن.

لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی هێرش کردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "بە توندی سەرکۆنەی هێرش کردنە سەر کۆرمۆر دەکەین کە ژێرخانی وزەیە، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش داوە، "ئەم جۆرە هێرشانە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەری عێراق.  داوا لە بەرپرسان دەکەین، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن و ئەنجامدەرانی بە دادپەروەری بگەیەنن". جەختی لەوەش کردووەتەوە، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ کاردەکەن لەپێناو پاڵپشتیکردنی ئاسایش، سەقامگیریی و سەروەریی عێراق.

هاوکات ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی دەربارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوەدەدات، "بە توندی سەرکۆنەی هێرش بۆسەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. داوا لە بەرپرسانی عێراقی دەکەین لێکۆڵینەوەی تەواو بکەن و ئەنجامدەرانی ئەم کارە بە دادپەروەری بگەیەنن. ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بۆ پشتیوانیکردنی سەقامگیریی عێراق".

لای خۆیەوە نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ناسراو بە یۆنامی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکە بڵاوکردەوە، تیایدا سەرباری سەرکۆنەکردنی هێرشەکە بە توندی سەرخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت. نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و بە دادگا گەیاندنی بکەرانی دەکات.

هاوکات ستیفن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا؛ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بڵاوکردەوە و گوتی، "بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەین، هێرشەکە هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری لەرێگەی بەکارهێنانی توندوتیژییەوە".

باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا بە پێویستی دەزانێت بکەرانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر "لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت" و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.

تۆماس سەیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپاش لە عێراق، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەیشی بۆ بریندارانی هێرشەکە خواست.

باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئەم هێرشانە هەموو پەلاماری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەن؛ بێجگە لەمە هیچ دەرئەنجامێکی دیکەی نییە".

یەکێتیی ئەوروپا، وەکو ئەوەی تۆماس سەیلەر باسی کردووە، "زیاتر هاوکار دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی ئاسایش، سەقامگیری و چاکسازی".