پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا 17 ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی بفرۆشرێت

K24 – هەولێر:

بازاڕی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان بەردەوامە لە گەشە و پێشبینیش دەکرێت کۆی فرۆشی ئۆتۆمبێلەکان ئەمساڵ بگاتە 17 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە کاتێکدا پار 14 ملیۆن فرۆشراوە، لە چارەکی یەکەمی 2024 رێژەی فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە 25% زیادبووە.

تا دێت بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهان گەشە دەکات، ئەگەرچی ئابووری بەشێک لە وڵاتانی جیهان دووچاری سستبوون بووەتەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە بۆ ساڵی 2024 پێشبینی گەشەیەکی بەهێزی بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەکات هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ نرخی گونجاو و پێشکەوتنی ژێرخانی بارگاوییکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان.

پێشبینی دەکرێت کۆی فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ئەمساڵ بگاتە 17 ملیۆن ئۆتۆمبێل، لە کاتێکدا ساڵی 2023 رێژەکە 14 ملیۆن ئۆتۆمبێل بووە، بەم قەبارەیەش زیاتر لە یەک لەسەر پێنج ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە جیهان دەفرۆشرێن کارەبایی دەبن تەنیا لە چارەکی یەکەمی 2024 رێژەی فرۆش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە 25% بەرزبووەتەوە،  بە جۆرێک لە چارەکی یەکەمدا یەکسان بووە بە کۆی فرۆشەکان لە ساڵی 2020 .

بۆ ئاسۆی بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایدەگەیەنێت: سەرەڕای کەمبوونەوەی قازانج، ناجێگیری لە نرخی پاتری، هەڵاوسانی بەرز و کەمبوونەوەی هاندان لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان نیگەرانی لە گەشەی کەرتەکە دروستکردووە بەڵام ئامارەکانی فرۆش بە بەهێزی ماونەتەوە.

ئاژانسەکە پێشبینی دەکات فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە کۆی فرۆشی ئۆتۆمبێلەکان بە گوێرەی ناوچەکان جیاواز بێت، یەک لەسەر نۆی لە ئەمەریکا، یەک لەسەر چواری لە ئەورووپا، نزیکەی نیوەی ئۆتۆمبێلەکان لە چین پێکدەهێنێت.

پێشبینی دەکرێت نرخی ئۆتۆمبێلی کارەبایی گونجاو تر بێت ئەمەش بەهۆی دابەزینی نرخی پاتری و زیادبوونی کێبرکێ لە نێوان بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل لەم بوارەدا.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بازاڕەکە دووچاری ئاڵنگاری دەبێتەوە بەهۆی ئەوەی تۆڕەکانی بارگاویکردنەوە پێویستیان بە گەشەی شەش هێندە دەبێت تا ساڵی 2035 بە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە شەقامەکاندا، بە پشتبەستن بە گەشەی بازاڕی ئۆتۆمبێلی ئەم کەرتە پێشبینی دەکرێت لە 2030 لە هەر سێ ئۆتۆمبێل لە شەقامەکانی چین یەک ئۆتۆمبێل کارەبایی بێت، لە ئەمەریکا و ئەورووپاش لە هەر پێنج ئۆتۆمبێل یەکیان کارەبایی بێت.